ئاگرێكی بەهێز لە دارستانەكانی پۆرتوگال كەوتەوە

- 7/21/2019 6:29:00 PM 1001 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و بایەكی بەهێزەوە، لە دارستانەكانی پۆرتوگال زنجیرەیەك ئاگر كەوتەوە، كە دانیشتوانی ناوچەكەی ناچاركردوە ماڵەكانیان جێبهێڵن.

ژمارەیەك كەس برینداربون

لە ئەنجامی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای ناوچەكە بۆ 33 پلەی سیلیزی، هاوكات لەگەڵ رەشەبایەكی تونددا، ئەمڕۆ یەكشەممە زنجیرەیەك ئاگری بەهێز لە دارستانەكانی پۆرتوگال كەوتەوە و بەوهۆیەوە ژمارەیەك كەس بینداربون كە بەشێكیان كارمەندانی ئاگركوژێنەوەن.

بە مەبەستی كوژاندنەوەی ئاگرەكە هەلیكۆپتەر و فڕۆكە بەكارهێنراوە

بەپێی زانیاریەكان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگرەكە دەستی پێكردوە و لە دارستانەكاندا چەند ناوچیەكی گرتوەتەوە، كە بەهۆی بەهێزی ئاگرەكەوە لە ناوچەی كاستێلۆ، هەلیكۆپتەر و فرۆكە بە مەبەستی كوژاندنەوەی سێ ئاگر بەكارهێنراوە كە لە سی ناوچەی جیاوازی یەك لادێدا بون.

بەرپرسان و لایەنی پەیوەندیدار رایانگەیاندوە، بەهۆی ئاگرەكانەوە "هاوڵاتیەك و و حەوت كارمەندی ئاگركوژێنەوە و هاوڵاتیەك بریندارن كە برینەكانی هاوڵاتیەكە سەختە"، ئاماژەیان بەوەشكردوە، تا ئێستا توانیویانە كۆنترۆڵی ئاگری دوو ناوچە بكەن.

سەدان ئۆتۆمبێلی گەورە و بلدۆزەر لەگەڵ هێزەكانی فریاكەوتن و ئاسایش بەشداربون

 

هاوكات  لەمیانی پرۆسەی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەدا سەدان ئۆتۆمبێلی گەورە و بلدۆزەر بەكارهێنراون و هێزەكانی فریاكەوتن و ئاسایش-یش لەو پرۆسەیەدا بەشداربون.

بەهۆی ئەو ئاگرەوە، زۆرینەی رێگە سەرەكیەكانی پۆرتوگال گیراون، شەش ناوچەی باشور و ناوەڕاستی ئەو وڵاتەش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.

پۆرتوگال یەكێكە لەو وڵاتانەی ساڵانە روبەڕوی كارەساتی ئاگركەوتنەوە دەبێت، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و رەشەبای بەهێزەوە كە لە دەریای ئەتڵەسیەوە بەرەو ئەو وڵاتە دەچێت.

ساڵی 2017، بەهۆی ئاگركەوتنەوە لە پۆرتوگال، دەیان كەس گیانیانلەدەستدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP