دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان بە سستی بەڕێوەدەچێت

- 7/21/2019 9:21:00 AM 35604 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دابەشکردنی موچەی مانگی نیسانی ئەمساڵ بە سستی بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا بەشێک لە وەزارەت و دەستەکان موچەیان وەرنەگرتوە.

وەزارەتی دارایی لە پێنج بۆ حەوتی هەمو مانگێک دەستبەدابەشکردنی موچە دەکات و تاوەکو 23ی مانگ دابەشکردنی موچە کۆتایی دێت، بەڵام لەم مانگەدا بەهۆی دواکەوتنی پارەی بەغداوە دابەشکردنی موچە دواکەوتوە.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، ئەمڕۆ موچەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت و هێشتاش دابەشکردنی وەزارەت و دەستەکانی دیکە دیارنیە.

تا ئێستا ئەوپارەی کە بڕیاربو لە بەغداوە بگاتە هەولێر رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکراوە، تا ئێستاش دیارنیە کەی پارەکە دەخرێتە سەر حسابی بانکی وەزارەتی دارایی، ئەوەش بەپێی زانیاریەکانی خەندان.

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشتبە دو سەرچاوەی دارایی دەبەستێت، یەکەمیان، فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بەشێوەی سەربەخۆ، دوەمیان ناردنی پشکی هەرێمی کوردستانە لە بەغداوە کە مانگانە 522 ملیار دینارە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP