سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

- 7/21/2019 1:35:00 AM 5201 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمشەو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوەو ده‌ستخۆشی له‌ هێزی ئاسایش و دژه‌تیرۆری هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ده‌ستگیركردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە ته‌قه‌كردن له‌ ڕێستورانتێكی هه‌ولێر.

 ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

ئه‌مڕۆ هێزی ئاسایش و دژه‌تێرۆری كوردستان سه‌ركه‌وتووانه توانیيان ‌تاوانباری سه‌ره‌كی و هاوكارێكی كاره‌ تيرۆریستیيه‌كه‌ى ڕۆژی ١٧ی ته‌ممووزی ٢٠١٩ی ته‌قه‌كردن له‌ ڕیستۆرانتێكی هه‌ولێر ده‌ستگیر بكه‌ن كه‌ جێگه‌ی داخ بوو له‌و ڕووداوه‌ تيرۆرستييه‌دا دیپلۆماتێكی توركیا و دوو هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان گیانیان له‌ده‌ست دا.

سه‌ركه‌وتنی هێزی ئاسایش و دژه‌تێرۆر له ‌ئه‌ركی سه‌ره‌كیی خۆیاندا، دڵسۆزیی ئه‌م هێزانه ‌بۆ كار و پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیان ده‌سه‌له‌مێنێت. دیاره ‌پاش ڕووداوێكی وا ناخۆش و ترسنۆكانه‌، جه‌ختی سه‌ره‌كيی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی تاوانباران و هاوكاره‌كانیان بووه ‌و ده‌بێت. ده‌ستكه‌وتی سه‌ركه‌وتووانه‌ی هێزی ئاسایش و دژه‌تێرۆر له‌وه‌دا بووه‌ كه ‌هه‌میشه‌ توانیویانه ‌هه‌وڵی تیرۆریستان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه ‌و نه‌هێڵن زیان به ‌خه‌ڵكی هه‌رێم و میوانانی بگات.

تا ئێستا به‌وپه‌ڕی توانای خۆیانه‌وه ‌هه‌رێمى كوردستان و هاووڵاتیانیان پاراستووه، له‌ داهاتووشدا هه‌روه‌ك له‌وه‌وپێش له ‌كاری جدديی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ زامنكردنی ئارامی و ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستگیركراوان و هاوكارانيشيان به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
20/7/2019


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP