ھەولێر بە توركیا و سلێمانی بە ئێران
كەسایەتیەكی شیعەكانی عێراق پێشنیاری فرۆشتنی هەرێمی كوردستان دەکات

- 7/21/2019 12:03:00 AM 95724 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئه‌یاد جه‌ماله‌دین، كەسایەتییەكی شیعەكانی عێراق راپرسییەكی لەسەر هەرێمی كوردستان كردوە و تیایدا پرسیاری فرۆشتنی هەرێمی كوردستانی بە توركیا و ئێران كردوە.

ئه‌یاد جه‌ماله‌دین كە پێشتر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەسبوك راپرسییەكی كردوە تیایدا پرسیویەتی،"بۆچی كوردستانی عێراق به‌ توركیا نه‌فرۆشین له‌ به‌رامبه‌ر زیادكردنی ئاوی دیجله‌ و فورات؟"

لە بەشێكی دیكەی پرسیارەكەیدا، جەمالەدین نوسیویەتی،بیربكەنەوە بەباشی، ئەم سەفقە بازرگانیە لەبەرژەوەندی عێراقە، ئەگەر توركیا رازیبێت بە كڕینی"

ئەو كەسایەتیە شیعەیەی عێراق دەشڵێت،"وەڵامێكە بۆ ریفراندۆمەكەی بارزانی، پرسیارێك بۆ عێراقییەكان؛ ئایا به‌ فرۆشتنی هه‌ولێر به‌ توركیا لە به‌رامبه‌ر زیادكردنی ئاوی دیجله‌ و فورات رازی دەبن؟ وە فرۆشتنی سلێمانی به‌ ئێران لە به‌رامبه‌ر سه‌روه‌ریی ته‌واوی عێراق به‌سه‌ر شه‌تولعه‌ره‌ب؟ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دهۆك بۆ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا؟

بۆ وەرگرتنی رای بینەرانی راپرسیەكەشی ئەیاد جەمالەدین، دو بژاردەی لە راپرسییەكەیدا داناوە و نوسیویەتی، ئایا رازین سوپا بنێرینە سەر هەرێمی كوردستان؟ یان پرۆژەكە رەتدەكەنەوە؟

تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، سێ هەزار كەس بەشدارییان لە راپرسییەكەدا كردوە و 62٪ی بەشداربوان لەگەڵ ئەوەدان سوپا بنێردرێتە سەر هەرێمی كوردستان، لەبەرامبەردا 38٪ی بەشداربوان پرۆژەكەیان رەتكردوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 347 كۆمێنتی بۆ هاتوە.

ئەیاد جەمالەدین لە ساڵی 1961 لەدایك بوە، ئەندامی كوتلەی ئەحرار بوە و یەكێكە لە پیاوە دینییەكانی شیعەی عێراق، ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمانی عێراق بوە، ساڵی 1979 چوەتە سوریا و پاشان چوەتە ئێران و ماوەی 8 ساڵ وانەی فەلسەفە و تەسەوفی وتوەتەوە. 

 

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP