"لەمەولا خاشاکە پلاستیکیەکانت فرێ مەدە، پارەی پێ پەیدا بکە"
بەڤیدیۆ..کۆمەڵێک گەنجی کورد لە پێشبركێیەکی نێودەوڵەتیدا براوەی یەکەم بون

- 7/20/2019 10:33:00 PM 8302 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

گروپی ژینگەدۆستی، کە رێکەوتی 5ی مانگی رابردو دەستی بە هەڵمەتی ژینگەدۆستی کرد، ئەمرۆ بەشداریان لە پێشبرکێیەکی نێودەوڵەتیدا کرد و توانیان براوەی یەکەمی پێشبركێکە بن.

ئەم پرۆژەیە کار ئاسانییە بۆ ئەو کەسانەی کە خاشاکی پلاستیکیان هەیە

 

باوەر ئاوەدان، ئەندانی گروپی ژینگەدۆستی و بەشداربویەکی پێشبرکێی" ئێکۆ ئینۆڤەیشن هاکاسۆن" بە خەندان-ی وت" ئەم پرۆژەیە کار ئاسانییە بۆ ئەو کەسانەی کە خاشاکی پلاستیکیان هەیە و بەڵام ناتوانن بیگەیەننە دەست کۆمپانیاکانی ریسایکڵ".

دەتوانیت ئەو پاشماوە پلاستیکیەی هەتە لە ماڵەکەی خۆت..بە ئاسانی بگەیەنیتە لای کۆمپانیاکانی ریسایکڵین

 

" تۆ دەتوانیت ئەو پاشماوە پلاستیکیەی هەتە لە ماڵەکەی خۆت، لە مزگەوتەکەت، لە چێشتخانەکەتدا بە ئاسانی بگەیەنیتە لای کۆمپانیاکانی تاابەتمەند بە ریسایکڵین، تەنها بە ئەندامبون لە ئاپەکەدا" باوەڕ ئاوەدان وای وت.

 تەنها لە رێگەی ئەندامبون لە ئاپەکە دەتوانن خاشاکەکان بكرن و بفرۆشن

 

ئەو ئەندامەی گروپی ژینگە دۆستی رونکردنەوەی زیاتری لەسەر مێکانیزم و چۆنیەتی کارکردنی بەرنامەکە دا و وتی" ئەوانەی دەبن بە ئەندام دو گروپن، گروپێکیان ئەوانەن کە خاشاکەکان دەفرۆشن، گروپەکەی دیکە ئەوانەن کە کڕیارن تەنها لە رێگەی ئەندامبون لە ئاپەکە دەتوانن خاشاکەکان بكرن و بفرۆشن .

خاشاکی پلاستیکیشیم جیا کردوە ئیتر چی لێ بکەم..پارە بە خاشاکەکانیشتان پەیدا بکەن


بە وتەی باوەڕ ئاوەدان ، ئاپەکە سەرەڕای لابردنی بارگرانی بۆ کۆمپانیاکانی ریسایكلین،  ئەو بیانوەش لای هاوڵاتیان ناهێڵێت کە لە ماوەی رابردودا دەیان وت"جا ئەوە خاشاکی پلاستیکیشیم جیا کردوە ئیتر چی لێ بکەم" وتیشی" جگە لەو کار ئاسانیە ئیتر دەتوانن پارە بە خاشاکەکانیشیان پەیدا بکەن".

لەلایەن رێکخراوی سیواسی سویسریەوە رێکخراوە

 

پێشبرکێکە، لەلایەن رێکخراوی سیواسی سویسریەوە رێکخراوە، تایبەت بە پێشنیازکردنی پرۆژەی ژینگەدۆستی و دروستکردنی هەلی کار لەرێگەی خزمەتکردن بە ژینگە.

بریتی بو لە پێشنیازکردن بۆ دروستکردنی ئاپێک بە ناوی ریسایکڵ می

 

پرۆژەی گروپی ژینگە دۆستی، بریتی بو لە پێشنیازکردن بۆ دروستکردنی ئاپێک بە ناوی" ریسایکڵ می".

بەکارهێنەران و خوازیارانی ئاپەکە دەتوانن پاشماوەی پلاستیک و جۆری دیکەی پاشماوەی نائۆرگانی بفرۆشنەوە

 

بەپێێ وتەی دەستەی دامەزرێنەرانی گروپەکە، بەکارهێنەران و خوازیارانی ئاپەکە دەتوانن پاشماوەی پلاستیک و جۆری دیکەی پاشماوەی نائۆرگانی بفرۆشنەوە بەو کەس و کۆمپانیایانەی کە هەڵدەستن بە ریسایكل کردنەوەیان.

 هەم هەلی کار بۆ ژمارەیەک کەس فەراهەم دێنن، هەم دەتوانرێت لە رێگەی پاشماوەکانەوە "پارە پەیدا بکەیت

 

بەوپێیەش لەرێگەی ئەو ئاپە ژینگە دۆستەوە، هەم هەلی کار بۆ ژمارەیەک کەس فەراهەم دێنن، هەم دەتوانرێت لە رێگەی پاشماوەکانەوە "پارە پەیدا بکەیت".

بۆ ماوەی یەک ساڵیش راهێنان بە بەشداربوانی پێشبڕکێکە دەکرێت

 

هەرچەندە لە ئێستادا وردەکاری پرۆژەکەیان بە تەواوی نەخستوەتەرو، کە بە وتەی خۆیان لە ئایندەیەکی نزیکدا وردەکاریەکان دەخەنەڕو، ئاماژەشیان بەوەدا جگە لە وەرگرتنی بڕی 2 هەزار دۆلار بۆ دامەزراندنی ئاپەکە، هاوکات بۆ ماوەی شەش مانگ لەلایەن رێکخراوی ریکۆدی ئەڵمانی پاڵپشتی دەکرێن و بۆ ماوەی یەک ساڵیش راهێنان بە بەشداربوانی پێشبڕکێکە دەکرێت لەلایەن رێکخراوی سیواسی سویسری.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP