80 پەرلەمانتاری عێراق داوای سەركۆنەكردنی بڕیارێكی ئەمریكا دەكەن

- 7/20/2019 8:53:00 PM 1407 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ 80 پەرلەمانتاری عێراق لە نوسراوێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانیان كردوە داوا دەكەن به‌ بڕیارێك سه‌ركۆنه‌ی سزاكانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا بۆ سەر چوار كەسایەتی سیاسی عێراقی بكەن.

سایتی سۆمەریەنیوز بڵاویكردوەتەوە، "لە داواكارییەكدا كە واژۆی 80 ئەندامی پەرلەمانی تێدایە و ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران كراوە، داوایانكردوە بەبڕیارێكی یاسایی سەركۆنەی سزاكانی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا بۆ سەر چوار كەسایەتی سیاسی عێراقی بكەن.

لە سەرجەم كارەكانیاندا ئێران پشتیوانیان لێدەكات

 

رۆژی پێنجشەممە، مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی لێدوانێكیدا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی رایگەیاند "ویلایەتە یەكگرتوەكان سزای نوێی بەسەر بەرپرسانی دو گروپی میلیشیا چەكدارەكانی حەشدی شەعبیدا سەپاندوە، بەهۆی ئەوەی لە سەرجەم كارەكانیاندا ئێران پشتیوانیان لێدەكات".

بەرپرسانی پێشوی عێراق و بەرپرسانی حەشدی شەعبین

 

دوابەدوای وتەكانی پێنس، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ناوی ئەو كەسانەی بڵاوكردەوە كە لە لایەن وڵاتەكەیەوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە و چوار لەو كەسانە بەرپرسی پێشوی عێراق و بەرپرسانی ئێستای حەشدی شەعبین".

هەریەك لە رەیان ئەلكلدانی، فەرماندەی حەشدی بابیلۆن و وەعد قەدۆ، فەرماندەی حەشدی ئەلشەبەك كە هەردو گروپەكە سەر بە حەشدی شەعبین، هاوكات لەگەڵ نەوفل عاكوب، پارێزگاری پێشوی نەینەوا و ئەحمەد جبوری، سەرۆكی هاوپەیمانی میحوەر و پارێزگاری پێشوی سەڵاحەدین بەشێكن لەو بەرپرسە عێراقیانەی كە بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەیانگرێتەوە.

لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت

 

پێنس ئاماژەی بەوەشكرد، " ئەو بەرپرسانەی حەشدی شەعبی كە لە لایەن كۆماری ئێرانەوە پشتگیریان لێدەكرێت، لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP