ئێران گرتەی ڤیدیۆیی ئەو کەشتیەی بریتانیا-ی بڵاوکردەوە کە دەستی بەسەردا گرتوە

- 7/20/2019 5:29:00 PM 32462 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوێنێ سوپای پاسدارانی ئێران، بە پاساوی"پێشێلکردنی رێساكانی هاتوچۆی دەریایی"،  دەستی گرت بەسەر كەشتیەكی نەوتهەڵگری بریتانیادا لە گەروی هەرمز ، کەمێک لەومەوبەر گرتەی ڤیدیۆیی ئەو کەشتیە بڵاوکرایەوە.

پێگەی ئەلکترۆنی تەسنیم، کە بە زمانحاڵی حکومەتی تاران لەقەڵمدەدرێت گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکردوەتەوە، نوسیویەتی" ڤیدیۆی نوێی کەشتیە نەوتیە دەستبەسەرداگیراوەکەی بریتانیا".

بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی ئێران کەشتییەکە یەک ملیۆن لیتر نەوتی قاچاغی هەڵگرتوە و رۆژی یەکشەممەی رابردو و لەبەشی باشوری دورگەی لاراک لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی بەسەرداگیراوە.

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردوە ئەو کەشتییە توانای هەڵگرتنی دو ملیۆن لیتر نەوتی هەیە و نەوتی قاچاغی لەقاچاغچییە ئێرانییەکان کڕیوە و بەنیازبوە بیگەیەنێتە کەشتییە بیانییەکان.

دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییە لەکاتێکدایە پاش گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران چەندین روداوی نەخوازراو لەگەروی هورمزو کەنداودا رویانداوە.

پێش راگەیەندراوەكەی سوپای پاسدارانیش، وەزارەتی بەرگری بریتانیا رایگەیاند "هەوڵی ئەوەدەدات زانیاری زیاتری لەسەر ئەو كەشتیە نەوتهەڵگرەی وڵاتەكەی بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی هەواڵیان بەدەستگەیشتوە كە كەشتیەكە بە ئاڵای بریتانیاوە بەرەو ئاوەكانی ئێران لە كەنداو ئاراستەی گۆڕیوە".

ئەوە لەكاتێكدایە، لە چەند هەفتەی رابردودا، بە تۆمەتی ئەوەی بەرەو سوریا بەڕێكەوتوە،  كەشتیەكی نەوتهەڵگری ئێرانی لە لایەن وەزارەتی بەرگری بریتانیاوە لەنزیك جەبەل تاریق دەستیبەسەرداگیرا، ئەوەش بوە هۆی دروستبونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردو وڵاتدا.

پاش ئەو روداوە، تاران ئەو كارەی بریتانیای بە كاری "چەتە و رێگرەكان" ناوبرد و پەیمانیدا لەوبارەیەوە دژ بە كەشتیە نەوتهەڵگرەكانی بریتانیا هەڵوێست وەربگرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP