"ئەمە هەنگاوێکی بچوکە بۆ پیاوێک، بازدانێکی زەبەلاحە بۆ مرۆڤایەتی"
بە ڤیدیۆ..سبەی نیو سەدە بەسەر تۆمارکردنی یەکەم جێپێ-ی مرۆڤ لەسەر روی مانگ تێپەڕ دەبێت

- 7/19/2019 8:18:00 PM 3524 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نیو سەدە لەمەوبەر و لە ناوەڕاستی ساڵێکی پر لە ئاشوبی جەنگ و قاتو قڕی ماڵەکان و توندوتیژی شەقامەکان و بەرفراوابونی لێکتێنەگەشتنی نێوان نەوەی  کۆن و نوێ لە بواری سیاسی و ئاینی و  بوارەکانی دیکەدا، مرۆڤ یەکەم جێپێ خۆی لەسەر تەنێکی دیکەی ئاسمانی دانا کە 384 هەزار و 400  کیلۆمەتر لە هەسارەی زەوەیە دورە، مانگ.

سەدان ملیۆن کەس لە سەرانسەری هەسارە شینەکە گوێبیستی ئێستگەکانی رادیۆ بون

 

سەدان ملیۆن کەس لە سەرانسەری هەسارە شینەکە گوێبیستی ئێستگەکانی رادیۆ بون، یاخود لە رێگەی تەلەفزیۆنە رەش و سپەکانیانەوە تەماشای هەواڵی گەیشتنی نەیل ئارمسترۆنگ و بەز ئالدرینی هاوڕێیان دەکرد بۆ سەر روی مانگ؛ لەو رۆژە بەدواوە ئیدی "مانگ" وەک جاران کەرەستەیەکی رۆمانسی ناو هۆنراوە دڵداریەکان نەبو، ئارمسترۆنگ و بەز هاتنەوە و وتیان: مانگ شیاوی ژیان لەسەر کردن نیە.

لەماوەی ئەو روداوەدا رێژەی تاوان كەمیكردوە


رێکەوتی 20ی تەمموزی 1969، ئەو رۆژەی کاروانی زانست وەرچەرخانێکی مێژوی تۆمارکرد  و مرۆڤ بۆ یەکەمجار یەکەم گەشتی سەرکەوتو بۆ سەر روی مانگ تۆمار کرد، بەگوێرەی ئاسۆشیەتد پرێس ئامارە پۆلیسیەکانی ئەو ساڵە باسیان لە کەمبونەوەی رێژەی تاوانکردوە لە ماوەی 48 کاتژمێری ئەو روداوە مێژویەدا، ئەوەش بەهۆی سەرقاڵبونی خەڵکی لەسەرانسەری جیهاندا بەو هەواڵە مێژوییە.

ئەمە هەنگاوێکی بچوکە بۆ پیاوێک، بازدانێکی زەبەلاحە بۆ مرۆڤایەتی


گەشتەکە لە رێکەوتی 16ی تەمموز دەستی پێکرد، دوای 4 رۆژ بە ڕێوەبون ئارمسترۆنگ و بەز گەیشتنە سەر روی مانگ، لە کاتێکدایە ئەستێرەناس مایکل کۆلینس و هەشت هاوڕێی دیکەی لە کەشتیە ئاسمانیەکەدا بە خولگەی مانگادا دەسوڕانەوە و چاوەڕێی گەڕانەوەی ئارمسترۆنگ و بەز-یان دەکرد، خەڵکی ئەو کاتە تا ئێستاش یەکەم وتەی ئارمسترۆنگ کە لە ساتی گەیشتنی بۆسەر مانگ وتی لە گوێیاندا دەزرینگێتەوە " ئەمە هەنگاوێکی بچوکە بۆ پیاوێک، بازدانێکی زەبەلاحە بۆ مرۆڤایەتی".

مایکل کۆلینس، کە ئێستا تەمەنی نزیکی نەوەد ساڵ روداوەکە بۆ ئاسۆشێتت پرێس دەگێرێتەوە" تا چەند دەتوانیت خەڵکی لە سەرانسەری جیهاندا وا لێ بکەیت لەسەر شتێکی هاوبەش رێک بکەون؟، ئەو کاتە لەگەڵ گەیشتنی مرۆڤ بۆ سەر مانگ بۆ ساتێکی کەمیش بێت خەڵکی لەسەرانسەری جیهاندا یەکیان گرت" کۆلینس وای وت.

کۆلینس دەڵێت" سەرکەوتنێکی ناوازە بو، خەڵکی لە سەرانسەری جیهان چەپڵەیان بۆ لێدا؛ باکور، باشور، رۆژهەلات، رۆژئاوا، هەژار و دەوڵەمند و کۆمەنیست و هەر کەسێکی دیکە".

پلانی نیشتنەوەی مرۆڤ لە سەرو مانگ، لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئەپۆلۆ-دا بو، بەرنامەی ئاپۆلۆ  یەکێکە لەو پرۆژە ئاسمانییەکانی ناسا کە لە کاتی کێبرکێی ئاسمانی نێوان سۆڤێت و ئەمریکا ـدا کە ھەوڵ دەدا یەکەم مرۆڤ لەسەر گۆی مانگ دابەزێنێ. 

بەرنامەکە لە سەردەمی سەرۆکایەتی دەیڤد د. ئایزێنھاوەردا دەستی بە کار کرد، ئاپۆلۆ لە کاتی سەرۆکایەتی جان ئێف. کێنیدیدا بە جددی بەردەوام بو؛  جان ئێف. کێنیدی پاڵپشتیی خۆی بۆ بەرنامەی دابەزینی مرۆڤ لەسەر مانگی لە درێژەی تایبەتدا بۆ کۆنگرە لە مانگی ئایاری 1961ـدا وا دەربڕی"... من باوەڕم وایە کە وڵاتەکەم دەبێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی دابەزین لەسەر گۆی مانگ و بە سەلامەت ھاتنەوە بۆ زەوی تا کۆتایی ئەم دەیەیە لە ئەستۆ بگرێت. لەم خولەدا ھیچ بەرنامەیەکی ئاسمانی تر ناتوانێ بۆ مرۆڤ کاریگەرتر لە دۆزینی ڕێگە درێژەکان لە ئاسماندا بێت; و ئەنجامی ھیچ کامیان ناتوانێ تا ئەم ئاستە ئەستەم و گران بێت" کێنێدی وای وت.

لە 21ی کانونی یەکەمی ساڵی 1968ـدا نێردرا بۆ سەر مانگ

 

ئاپۆلۆ 8، دووەمین جاری فڕینی مرۆڤ بۆ بۆشایی ئاسمان لە بەرنامەی ئاپۆلۆدا، لە 21ی کانونی یەکەمی ساڵی 1968ـدا نێردرا، و بو بە یەکەم کەشتیی بۆشایی کە خولگەی زەویی بەجێ ھێشت، و گەیشتە مانگ، لە خولگەی مانگدا گەڕا و بە سەلامەت گەڕاوە زەوی، سێ ئاسمانگەڕ (فەرماندە فرانک بۆرمن، فڕۆکەوانی کەشتیی فەرماندەییی جەیم لۆوەل و فڕۆکەوانی مانگنشین ویلیام ئاندرێس)، بون بە یەکەم کەسانێک کە چونە سەروی خولگەی نزیکی زەوی، و زەوییان وەکوو گۆیەکی تەواو بینی و بە شێوەی ڕاستەوخۆ دیوی نادیاری مانگیان بینی و بینەری ھەڵاتنی زەوی بون.

لەگەڵ ئەمانەشدا گروپێکی خەڵکی زۆر لە ئەمریکا و وڵاتانی جیهان باوەڕیان بە چونی مرۆڤ نیە بۆ سەر روی مانگ، ئەوەش بوە هۆی سەرهەڵدانی"بیردۆزی ناڕاستبوونی چون بۆ مانگ یان بیردۆزی پیلانی نیشتنەوە لەسەر مانگ".

بیردۆزێكە كە بەرنامەی ئەپۆلۆ بە درۆ و ساختەكاری لەقەڵەمدەدات


بیردۆزێکە کە دەڵێت ھەمو یان ھەندێک لەو کۆمەڵە لیژنانەی کە لە نێوان ساڵەکانی 1696ھەتا 1972دا بە ناوی بەرنامەی ئەپۆلۆ دەناسرێت درۆن و ھەموو ساختەکارین، تەنانەت بەپێی ھەندێک لەم بانگەشەگەلە ناسا تۆمەتبارکراوە کە ھەموو فیلمەکانی دابەزین لەسەر مانگ و ھەموو ئەو بەردانەی کە نیسبەت دەدرێن بە مانگەوە ساختەکارین، ھەندێک لە دژانبەران لە ھەبونی وێستگەی فەزاییشدا گومانیان ھەبو.

لەگەڵ ئەمەدا کە بەڵگەیەکی زۆر لەلایەن گروپی سێیەمەوە (واتە نە لە لای ناسا و دەوڵەتی ئەمریکا و نە لە لای گروپی بڕوادار بە بیردۆزی پیلانگێڕان واتە گرووپی دووەمەوە) بۆ نیشتنی ناسا لەسەر مانگ پێشکەشکراوە، بەڵام ھێشتا ڕاپرسییەکان نیشان دەدەن کە لە نێوان سەدا 6 ھەتا 20 ‏ی خەڵکی ئەمریکا و سەدا 28ی خەڵکی  روسیا پێیان وایە کە چوون بۆ مانگ فێڵبازی و ساختەکارییە.

10 هەزار وێنەی گەشتی سەر مانگی بڵاوكردەوە


ساڵی رابردو، ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی (NASA)  بۆ "بەدرۆخستنەوەی بیردۆزی پلانگێری" 10 هەزار وێنەی گەشتی سەر مانگی بڵاوکردەوە.

ناسا، لە بڵاوکراوەکەیدا، هەوادارنی ئەو تیۆریەی بێدەنگکرد کە دەڵێن “ئەمریکا پێی نەخستووەتە سەر مانگ".


نیشانەکردن :

#زانستیی #زانستی_فیزیک

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP