بنکه‌ی مه‌شقی پیاده‌ی سلێمانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ھەڵدەوەشێتەوە

- 7/19/2019 2:38:00 PM 2989 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای چوار مانگ لە هەوڵەكانی، پارتی پێش دەستبەكاربونی وەزیری نوێی پێشمەرگە فەرمانێكی كۆن نوێ دەكاتەوە و بنكەی مەشقی پیادەی سلێمانی هەڵدەوەشێنێتەوە، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش لە فراكسیۆنی یەكێتی رایدەگەیەنێت، "پارتی نایەوێت یەكێتی سودمەندبێت لە هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەو هەنگاوەش بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگەیە نەك یەكخستنەوەی".

ماوەی چوار مانگە برادەرانی پارتی كار لەسەر هەڵوەشانەوەی بنكەی مەشقی پیادەی سلێمانی و باپشتیان دەكەن، كە هەردوكیان دو بنكەی مەشق بون سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە

 

بالانبۆ كۆكۆى ئەندامی لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەکان بە خەندان-ی راگەیاند،"ماوەی چوار مانگە برادەرانی پارتی كار لەسەر هەڵوەشانەوەی بنكەی مەشقی پیادەی سلێمانی و باپشتیان دەكەن، كە هەردوكیان دو بنكەی مەشق بون سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، برادەرانی پارتی هەستان بنكەی مەشقی باپشتیان بۆ ئەوەی تەنها ئەندامەكانی خۆیان لێبێت هەڵیانوەشاندەوە، لەبەرامبەر ئەوەش هاتن بنكەی مەشقی سلێمانیشیان هەڵوەشاندەوە".

پارتی بۆیە ئەمەی كرد، چونكە بنكەی مەشقی سلێمانی، ئەگەر سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە نەبێت هاوپەیمانان ئامادەنین پاڵپشتی بكەن، هاوپەیمانان رێكەوتنیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە و هاوكاری حكومەت دەكەن

 

وتیشی،"پارتی بۆیە ئەمەی كرد، چونكە بنكەی مەشقی سلێمانی، ئەگەر سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە نەبێت هاوپەیمانان ئامادەنین پاڵپشتی بكەن، هاوپەیمانان رێكەوتنیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم هەیە و هاوكاری حكومەت دەكەن، ئێستا تیمەكانی هاوپەیمانان لە بنكەی مەشقی سلێمانی وانە دەڵێنەوە، ئەگەر ئەو بنكەیە لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە نەمێنێت، ئەو كاتە هاوپەیمانان نە پاڵپشتی ماددی و نە پاڵپشتی سەربازی ناكەن، پارتی دەیانەوێت ئەو بنكەیە نەمێنێت بۆ ئەوەی هاوپەیمانان بچنەوە بەردەستی خۆیان و سەرجەم جومگەكان بكەوێتەوە بەردەستیان".

هەریەك لە كاك شێخ جەعفەرو كاك قوباد تاڵەبانی تەداخولی لەو بابەتەدا كرد، بەداخەوە ئێمە ئەو بابەتەمان راگرتبو، بەڵام پارتی ئەو رۆژەی وەزیرەكەی ئێمە دەستبەكاربو، بەپەلە فەرمانە كۆنەكەیان زیندوكردەوە

 

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی راشیگەیاند،"هەریەك لە كاك شێخ جەعفەرو كاك قوباد تاڵەبانی تەداخولی لەو بابەتەدا كرد، بەداخەوە ئێمە ئەو بابەتەمان راگرتبو، بەڵام پارتی ئەو رۆژەی وەزیرەكەی ئێمە دەستبەكاربو، بەپەلە فەرمانە كۆنەكەیان زیندوكردەوە، پێرێ فەرماندەی فەوجەكەیان ئاگاداركردبوەوە پچڕاندن بە هێزەكانی 80 بكات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر هێزی 80 خۆی، ئەمەش دورە لەو پرنسیپانەی كە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەیانەوت ئێمە دەمانەوێت هێزی پێشمەرگە یەكبخەینەوە، ئەمە یەكخستنەوەی نییە بەڵكو هەڵوەشانەوەیەتی"

ئەم هەنگاوە نە قازانجە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، نە قازانجە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەمە كارێكی هەڵەیە

 

بالانبۆ كۆكۆى راشیگەیاند،"ئەم هەنگاوە نە قازانجە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، نە قازانجە بۆ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ئەمە كارێكی هەڵەیە، ئەگەر بیانەوێت بەم شێوەیە مامەڵە بكەن، من ئەڵێم یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان خەون و خەیاڵە و هەرگیز بۆیان رێكناخرێتەوە، ناكرێت ئەوان لە كوێ پێویستیان پێ بو هێزی پێشمەرگە هەڵبوەشێننەوە و لەكوێ پێویستی كرد بیانەوێت یەكیبخەنەوە".

پارتی بەم هەنگاوەی دوجار سودمەند ئەبێت، یەكەم نایانەوێت یەكێتی لە بنكەی مەشقی پیادەی باپشتیان بێت لەبەر ئیشوكاری خۆیان، دوەم بۆ ئەوەیە نایانەوێت هاوپەیمانان پاڵپشتی بنكەی مەشقی سلێمانی بكەن

 

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ئاسایش راشیگەیاند،"بنكەی مەشقی پیادەی( سلێمانی، باپشتیان، مەنیرە و هەولێر)لە هەرێمی كوردستان هەن، پارتیش بەم هەنگاوەی دوجار سودمەند ئەبێت، یەكەم نایانەوێت یەكێتی لە بنكەی مەشقی پیادەی باپشتیان بێت لەبەر ئیشوكاری خۆیان، دوەم بۆ ئەوەیە نایانەوێت هاوپەیمانان پاڵپشتی بنكەی مەشقی سلێمانی بكەن، چونكە بنكەیەكی زۆر سەركەوتوە و پێشەنگە لە بنكەكانی مەشقی پیادەی هەرێمی كوردستان، پارتی دەیەوێت بنكەی مەشقی سلێمانی بخاتەوە سەر هێزەكانی 70، چونكە خۆیان بنكەی مەشقی باپشتیانیان خستوەتەوە سەر هێزەكانی 80ی هێزی پێشمەرگە.

تەنانەت لەو هەنگاوە زۆر ناڕازی بون و هانایان بۆ كاك مەسعود و كاك نێچیر بردوە كە بەو شێوەیە دەوامیان پێ ناكرێت لە سلێمانیەوە دور بخرێنەوە بۆ باپشتیان

 

ئاماژەی بەوەشكرد، پێرێ سەرجەم پلەدارو ئەفسەرو پێشمەرگەكانی پارتی هەمویان لە بنكەی مەشقی پیادەی سلێمانی پچڕاندیان بۆ كراوە و بردویانن بۆ بنكەی مەشقی باپشتیان، تەنانەت لەو هەنگاوە زۆر ناڕازی بون و هانایان بۆ كاك مەسعود و كاك نێچیر بردوە كە بەو شێوەیە دەوامیان پێ ناكرێت لە سلێمانیەوە دور بخرێنەوە بۆ باپشتیان، ئەو وەزیرەش چونكە متمانەی لە پەرلەمان وەرنەگرتبو، بۆیە بەپەلە ئەو بابەتەیان تێپەڕاند.

وەكو لیژنەكەمان هەوڵدەدەین لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و حكومەت، بتوانین دابنیشین و گفتوگۆی لەسەر بكەین، چونكە هەڵوەشاندنەوەی ئەم بنكەیە هاندانە بۆ ئەوەی كە هێزی پێشمەرگە یەكنەخرێتەوە و نەكرێتە هێزێكی نیشتیمانی

 

سەبارەت بە هەوڵەكانی لیژنەكەیان لەو بارەیەوە، باڵانبۆ كۆكۆیی وتی،"وەكو لیژنەكەمان هەوڵدەدەین لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و حكومەت، بتوانین دابنیشین و گفتوگۆی لەسەر بكەین، چونكە هەڵوەشاندنەوەی ئەم بنكەیە هاندانە بۆ ئەوەی كە هێزی پێشمەرگە یەكنەخرێتەوە و نەكرێتە هێزێكی نیشتیمانی، پێویستە لایەنەكانی دیكەش هەڵوێست وەربگرن دژی ئەو لایەنەی كە نایەوێت هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكبگرێتەوە.

 

نیشانەکردن :

#پێشمەرگە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP