بەپەلە

ئەمریكا سزا بەسەر دو سەركردەی حەشدی شەعبیدا دەسەپێنێت

- 7/18/2019 10:00:00 PM 4317 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، بە تۆمەتی هەبونی پەیوەندیان بە ئێرانەوە، وڵاتەكەی سزای نوێ بەسەر بەرپرسانی دو گروپی حەشدی شەعبیدا دەسەپێنێت.

لە سەرجەم كارەكانیاندا ئێران پشتیوانیان لێدەكات


مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی لێدوانێكیدا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند "ویلایەتە یەكگرتوەكان سزای نوێی بەسەر بەرپرسانی دو گروپی میلیشیا چەكدارەكانی حەشدی شەعبیدا سەپاندوە، بەهۆی ئەوەی لە سەرجەم كارەكانیاندا ئێران پشتیوانیان لێدەكات".

بەرپرسانی پێشوی عێراق و بەرپرسانی حەشدی شەعبین

 

دوابەدوای وتەكانی پێنس، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ناوی ئەو كەسانەی بڵاوكردەوە كە لە لایەن وڵاتەكەیەوە سزایان بەسەردا سەپێندراوە و چوار لەو كەسانە بەرپرسی پێشوی عێراق و بەرپرسانی ئێستای حەشدی شەعبین".

ناوی بەرپرسەكان بڵاوكرانەوە


هەریەك لە رەیان ئەلكلدانی، فەرماندەی حەشدی بابیلۆن و وەعد قەدۆ، فەرماندەی حەشدی ئەلشەبەك كە هەردو گروپەكە سەر بە حەشدی شەعبین، هاوكات لەگەڵ نەوفل عاكوب، پارێزگاری پێشوی نەینەوا و ئەحمەد جبوری، سەرۆكی هاوپەیمانی میحوەر و پارێزگاری پێشوی سەڵاحەدین بەشێكن لەو بەرپرسە عێراقیانەی كە بڕیارەكەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەیانگرێتەوە.

لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت


پێنس ئاماژەی بەوەشكرد، " ئەو بەرپرسانەی حەشدی شەعبی كە لە لایەن كۆماری ئێرانەوە پشتگیریان لێدەكرێت، لە لایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت".


نیشانەکردن :

#عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP