بەپەلە

بەرگری توركیا: بە زوترین كات ئاشتی بەرقەراردەكەین

- 7/18/2019 5:52:00 PM 5917 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری بەرگری توركیا سەردانی ناوچەی سنوری سوریای كرد و پرۆسەی پشكنینی بۆ ئەو سەربازە توركانە ئەنجامدا كە لەو ناوچەیەدا بڵاوكراونەتەوە، وەزارەتەكەش رایگەیاند، رادەستكردنی چەكی ئێس-400 بەردەوامە.

ساڵی 2020 ئەو چەكە بەتەواوەتی دەكەوێتەكار


بەپێی بڵاوكراوەیەكی پێگەی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، رادەستكردنی سیستمی بەرگری موشكی ئێس-400 لەلایەن روسیاوە بۆ توركیا بەردەوامی هەیە و بڕیاریشە ئەو چەكە لە سەرەتای ساڵی 2020دا بە تەواوەتی بكەوێتەكار.

هاوكات ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەمموز هوڵوسی ئاكار، بە یاوەری یاشار گیولێر، فەرماندەی گشتی هێزەكان و شاندێكی یاوەریان سەردانی سنوری سوریایان كرد و لەمیانی سەردانەكەدا پرۆسەی پشكنینیان ئەنجامدا.  

ئەوە لەكاتێكدایە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە، هێزێكی زیاتری رەوانەی هەریەك لە شارەكانی هاتی و شانلی و ئورفا كرد، كە لەسەر سنوری نێوان سوریا و وڵاتەكەدایە، میدیا فەرمیەكانی توركیاش رایانگەیاند "تانك و زرێپۆش و سەربازی لەو هەڵمەتەدا بوە".

بە زوترین كات ئاشتی لە ناوچەكەدا بەرقەرار دەكەین


لە هەمانكاتدا،  هوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا لە پەیامێكیدا بۆ پەنابەرانی سوریا رایگەیاند "بە زوترین كات ئاشتی لە ناوچەكەدا بەرقەرار دەكەین و گرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم پەنابەران دەكەین تا بتوانن لەگەڵ خێزانەكانیاندا لە ماڵەكانی خۆیان بە ئارامی بژین". 


نیشانەکردن :

#تورکیا #روسیا #سوریا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP