نادیە موراد سکاڵای ئێزیدییەکان لەدژی هەرێم و بەغدا دەگەیەنێتە ترەمپ

- 7/18/2019 4:00:00 PM 3259 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 
نادیە موراد باڵوێزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ شکۆمەندی رزگاربوانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ و خاوەنی خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ لەکۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کۆبوەوە و داوای لێکرد فشاربخاتە سەر ئیدارەی هەرێم و بەغداد هاوکاری گەڕانەوەی رزگاربوانی ئێزیدی بکەن بۆ زێدی خۆیان.

بەپێی هەواڵێکی ئیندیپێندنتی بریتانی، دوێنێ چوارشەممە نادیە موراد، باڵوێزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ شکۆمەندی رزگاربوانی بازرگانیکردن بەمرۆڤ و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لەکۆشکی سپی چاوی بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کەوتوە و وێڕای باسکردنی کارەکانی و دۆخی ئێزیدییەکان، هاوکات داوای لە ترەمپ کردوە فشاربخاتە سەر ئیدارەی هەرێم و بەغداد کاری زیاتر بۆ رزگاربوانی ئێزیدی بکەن و هاوکاری گەڕانەوەیان بکەن بۆ زێدی خۆیان.

نادیە موراد چالاکوانی مافەکانی مرۆڤە و خەڵکی گوندی کۆجۆیە لەناوچەی شەنگال، لەساڵی 2014 بۆماوەی سێ مانگ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیردەکرێت و بەگوتەی خۆی دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر و دواتر لەهەوڵێکدا رزگارکراوە.

موراد لەئێستادا لەئەڵمانیا دەژی و باڵوێزی نیازپاکی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ شکۆمەندی رزگاربوانی بازرگانیکردن بەمرۆڤو خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە.
تائێستا رێگە نادرێت رزگاربوانی جینۆسایدی یەزیدییەکان بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان

بەگوێرەی زانیارییەکان ترەمپ زانیاری لەبارەی کارو چالاکییەکانی نادیە موراد نەبوە و پاش گفتۆیەکی چڕ لەبارەی هێرشەکانی رێکخراوی  داعش و دۆخی ئێستای ئێزیدییەکان، موراد کە ساڵی 2016 خەڵاتی ساخرۆڤی بۆ ئازادی بیروڕا پێبەخشراوە، بەترەمپی راگەیاندوە پاش نەمانی داعش و گەڕانەوەی دەسەڵاتی کوردی بۆ ناوچەی شەنگال تائێستا رێگە نادرێت رزگاربوانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

پاش ئەوەی نادیە باسی چۆنیەتی رفاندن و دەستگیرکردنی خۆی بۆ ترەمپ دەکات، سەرۆکی ئەمریکا وەک پاڵپشتییەک بۆ قسەکانی  دەپرسێت " کەواتە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیت لەسەر چی پێدراوە؟" 
دیداری ترەمپ و نادیە موراد لەپەراوێزی کۆنفرانسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بوە

دیداری ترەمپ و نادیە موراد لەپەراوێزی کۆنفرانسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا بوە کە تایبەت بوە بەئازادی ئاینی و تێیدا موردا چەندین رزگاربوی یەزیدییەکانی بەسەرۆکی ئەمریکا ناساندوە.

موراد راشیگەیاندوە، لەساڵی 2014 نزیکەی 95 هەزار یەزیدی رویان لەئەڵمانیا کردوە وەک پەنابەر، ئەوە لەبەرئەوە نەبوە کە ئەوان بیانەوێت وەک پەنابەر بژین، بەڵکو  لەبەرئەوەیە کە لەشوێنێکی سەلامەتدا بژین.
تائێستا ئێزیدییەکان بەدوای شوێنێکی سەلامەتدا دەگەڕێن

وتوشیەتی" تائێستا یەزیدییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە و بەدوای شوێنێکی سەلامەتدا دەگەڕێن بۆیە پێویستە سەرۆکی ئەمریکا شتێک بۆ خەڵکەکەی بکات." 
 
نادیە موراد لەتەمەتی 19 ساڵیدا لەلایەن داعشەوە دەستگیردەکرێت و دەکرێتە رەمزی توندوتیژی سێکسی لەجیهاندا.

لەکۆمەڵکوژییەکەی هاوینی 2014دا نزیکەی 6 هەزار ژن و منداڵ لەلایەن داعشەوە دەستگیرکران، هەندێکیان کوژران و زیندەبەچاڵکران و هەندێکی دیکەشیان مامەڵەی بازرگانییان پێوەکرا، بەشێکیشیان تائێستا بێسەروشوێنن.

نیشانەکردن :

#ئەمریکا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP