تەرمی دیپلۆماتکارە تورکەکە رەوانەی تورکیا کرایەوە

- 7/18/2019 9:18:00 AM 5752 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تەرمی ئەو دیپلۆماتکارە تورکەی كونسوڵخانەی تورکیا کە لە هێرشێکی چەکداریدا لە هەولێر کوژرا  گەڕێندرایەوە تورکیا.

میدیای فەرمی حکومەتی تورکیا بڵاویکردەوە، شەوی رابردو تەرمی ئەو دیپلۆماتکارە تورکەی كونسوڵخانەی تورکیا لە هێرشێکی چەکداریدا لە هەولێر کوژرا گەڕێندراوەتەوە تورکیا.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ چوارشەممە روداوێکی تەقەکردن لەناو رێستۆرانتێکی شاری هەولێر رویداو تیایدا جگە لەو دیپلۆماتکارە تورکیا هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستان کوژرا و هاوڵاتییەکی دیکەش برینداربو.

دوای روداوەکە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هه‌ولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند،  لە رێستورانتێکی شاری هەولێر روداوێکی تەقە کردن رویداوە و بوەهۆی گیان لە دەستدانی کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا و هاوڵاتیەک و برینداربونی یەکێکی دیکەش.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەهەمانکاتدا هاوڵاتیانی هەولێر و بە تایبەتیش دیپلوماتکاران دڵنیا دەکەینەوە، کە رێگە نادەین دۆخی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێک بدرێت.، لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە دەستیپێکردوە و تاوانبارانیش بە سزای خۆیان دەگەن". 

هاوکات هەریەکە لە سەرۆکایەتیەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی روداوەکەیان کرد و داوایان لە هێزە ئەمنییەکان کرد پەلە بکەن لە دۆزینەوەی تاوانبارانی پشت روداوەکە.

تا ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە روداوەکە رانەگەیاندوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP