بەپەلە

کۆنگۆ؛ پەتای ئیبۆلا بەشێوەیەکی ترسناک تەشەنە دەکات

- 7/17/2019 10:33:00 PM 4898 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەهۆی تەشەنەکردن و بڵاونونەوەی بەردەوامی نەخۆشی درمی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، باری نائاسایی تەندروستی رادەگەیەنرێت.

رێکخراوی تەندوستی جیهانی (WHO)، باری نائاسایی تەندرستی لە کۆنگۆدا راگەیاند و دەشڵێت" مەترسی بڵاوبونەوەی درمەکە لە دەروەی سنوری کۆنگۆ لە ئاستێکی بەرزدا نیە".

تەشەنەکردنی درمی ئێبۆلا لە کۆنگۆ، بەدوەم گەورەترین تەشەنەکردن دادەنرێت لە مێژودا، لە ساڵی رابردوەوە بەشێوەیەکی ترسناک بەربڵاوبوە و لە هەردو پارێزگای کیڤۆی باکور و ئیتور-وەوە دەستی پێکرد.

لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک زیاتر لە هەازر و 600 توشبوی ئەو ڤایرۆسە لە کۆنگۆ گیانیان لەدەستداوە، بەگوێرەی داتاکان 224 رۆژی پێچوە تا ژمارەی ئەو کەسانەی گومانی توشبونیان لێدەکرێت بگاتە هەزار کەس، بەڵام تەنها 71 رۆژی خایاندوە تا بگاتە دو هەزار حاڵەت، رۆژانە 12 کەس بە گومانی توشبونیان بەو درمە پشکنینی پزیشکیان بۆ ئەنجامدەدرێت.

بەگوێرەی دواین راپۆرتی پزیشکی ئەو وڵاتە، کە لە یەکی مانگی ئابی ساڵی رابردوەوە تۆمارکراوە، بە تەنها لە پارێزگای کیڤو لە کۆی ٩٠ توشبو ٤٩ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، زۆربەیان لە ناوچە کشتوکاڵیەکاندا نیشتەجێن.

ڤایرۆسی ئیبۆلا بۆ یەکەم جار لە ناوچەکانی نزیک روباری ئیبۆلا(Ebola River) دەرکەوتووە، ناوەکەشی لەوەوە ناونراوە، لەو کاتەوە تا ئێستا ١٠ جار ئەو ڤایرۆسە بەشێوەیەکی بەربڵاو لەو وڵاتەدە تەشەنەی کردووە.

نەخۆشی ئیبۆلای چییە؟

نەخۆشی ڤایرۆسی ئیبۆلا (EVD) یان پەتای ئیبۆلای خوێنبەربون (EHF) ناسراوە، نەخۆشییەکی مەترسیدارە، زۆر جاریش کوشندەیە، پاش تووشبوون رێژەی مردن دەگاتە ٩٠%، ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵی کێوی تووشبوو بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ھەروەھا لە مرۆڤیشەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، واتا نەخۆشییەکی درمییە، بە شێوەیەکی سروشتی ئەم ڤایرۆسە لە ئەفریقادا لە لەشی ھەندێک جۆری شەمشەمەکوێرەی میوەدا Fruit bats دەژی، ھەروەھا لە لەشی چامپانزی و گۆرێلا و جۆری دیکەی مەیموندا.

نیشانەکانی

نەخۆشی ڤایرۆسی ئیبۆلا ھەوکردنێکی تیژ و توندە، پاش گەیشتنی ڤایرۆسی ئیبۆلا بە لەش، لە ماوەی ٢-٢١ رۆژدا نیشانە سەرەتاییەکان دەردەکەون کە بریتین لە: 
بەرزبونەوەیەکی خێرای پلەی گەرمی لەش، سەرئێشە، بێھێزی و ھیلاکی لەش، ئازاری ماسوولکە، دەرکەوتنی خاڵی سوور لە پێستدا، سووربوونەوەی چاوەکان، کڕانەوە، یان ھەوکردنی قوڕگ، پاشان رشانەوە، سکچون، تێکچونی فرمانی گورچیلە و جگەر، ھەندێک جاریش خوێنبەربون لە ناوەوەی لەشدا Internal bleeding، پاشان نیشانەی دیکە لە تووشبوودا دەردەکەون بە شێوەی دابەزینی پەستانی خوێن، خێرابونی ھەناسە، لەھۆشچوون، ئەم نەخۆشییە تەنها بە چەند پشکنینێکی تاقیگەی پزیشکی دەستنیشان دەکرێت، لە پشکنینی خوێندا دابەزینی ژمارەی خڕۆکە سپییەکان و خەپڵەکانی خوێن لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئەنزیمەکانی جەرگ بەدیدەکرێت، توشبوان تا خوێن و دەردراوەکانی لەشیان ڤایرۆسەکەی تێدا بێت، نەخۆشییەکە دەگوازنەوە.

چارەسەر

تا ئێستا دەرمانێکی تایبەت نییە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی ئیبۆلا، بەڵام دەرمانی ریباڤیرین (Ribavirin) و ئینتەرفیرۆن بێتا (Interferon beta) سوودێکی سنوورداریان ھەیە، ھەروەھا تا ئێستا ھیچ ماکوتە، یان ڤاکسینێک دژی ڤایرۆسی ئیبۆلا لەبەردەستدا نییە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP