کۆشکی سپی بەشداریکردنی تورکیا لەپرۆگرامی فرۆکەی F-35 بەدوردەزانێت

- 7/17/2019 10:11:00 PM 3308 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-
کۆشکی سپی رایگەیاند بەشداریکردنی تورکیا لەپرۆگرامی فرۆکەی F-35 کارێکی ئەستەمە و ئەو حکومەتە جارێکی تر نایەتەوە ناو ئەو پرۆگرامە.

بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە کۆشکی سپی رایگەیاندوە بەشداریکردنی تورکیا لەپرۆگرامی فرۆکەی F-35 کارێکی ئەستەمە و ئەو حکومەتە جارێکی تر نایەتەوە ناو ئەو پرۆگرامە.
وەڵامی هەنگاوە کردارییەکانی تورکیایە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی گواستنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی ( S-400)

ئەم هەڵوێستەی کۆشکی سپی وەڵامی هەنگاوە کردارییەکانی تورکیایە بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی گواستنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی ( S-400)ی روسی کە ئەمریکا دژایەتی دەکات.

ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ سێشەممە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند بەگواستنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی (S-400)ی روسی بۆ وڵاتەکەی تورکیا مافی کڕینی فرۆکەی F-35ی نامێنێ و ناتوانێت لەو پرۆگرامەدا بەردەوام بێت.

بەپێی شارەزایانی سیاسەتی ئەمریکا، هەرچەندە کۆشکی سپی باسی دورخستنەوەی تەواوەتی تورکیای لەو پرۆگرامە نەکردوە، بەڵام پێدەچێت پنتاگۆن ئەو بڕیارە بدات.

 
لەرۆژی هەینی رابردوەوە، پرۆسەی گواستنەوەی سیستمی بەرگری موشەکی روسی  (S-400) بۆ تورکیا بەردەوامە و تا ئێستا هەشت کاروانی ئەو پرۆسەیە گەشتوە و بەپێی وەزارەتی بەرگری تورکیاش پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تا تەواوکردن و جێگیرکردنی سیستمەکە.

چاوەڕێدەکات تا ساڵیادی کودەتاکەی ئەو وڵاتە کۆتایبێت

بلومبێرگ ئەوەشی ئاشکراکردوە ئەمریکا کۆتای ئەم هەفتەیە سزاکانی بەسەر تورکیا رادەگەیەنێت و چاوەڕێدەکات تا ساڵیادی کودەتاکەی ئەو وڵاتە کۆتایبێت، کە تێیدا ئەمریکا بەهاندەری کودەتاکە دەزانێت و کۆشکی سپی نایەوێت لەو ساڵوەختەدا هەنگاوێکی لەوجۆرە بنێت.
بەڕاوێژ لەنێوان هەرسێ ئەنجومەنی پیران و نوێنەران و ئاسایشی ئەمریکا ئامادەکراوە

ئەوەش ئاشکراکراوە پاکێجی سزاکانی سەر تورکیا بەڕاوێژ لەنێوان ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریکا ئامادەکراوە و تەنها رەزامەندی دۆناڵدترەمپ و راوێژکارەکانی ماوە.

ساڵی 2017 پاش ئەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی تورکیا بەکڕینی سیستمی پاترۆیۆت شکستیهێنا، تورکیا گرێبەستێکی لەگەڵ روسیا بۆ کڕینی سیستمی موشەکی S-400 واژۆکرد و تا ئێستاش ئەمریکا دژایەتی ئەو گرێبەستە دەکات و بەبەرهەڵستیکردنی بنەماکانی کاری پێکەوەیی رێکخراوی ناتۆی دەزانێت، چەندین جار هەڕەشەی سەپاندنی سزای بەسەر تورکیادا کردوە و پێشی راگەیاندوە کە پرۆگرامی فرۆکەی F-35 کە بەتورکیای فرۆشتوە رادەگرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP