دەبێت بە ئەندام لەگەورەترین رێکخراوی ژینگەیی جیهان
کۆلێژەکانی یونایتد ساینس دەستپێشخەریەک لە بواری ژینگەدا رادەگەیەنێت

- 7/17/2019 8:16:00 PM 3383 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
  
کۆلێژەکانی یونایتد ساینس، وەک یەکەم ناوەندی پەروەردەیی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق "پلانی ستراتیژی درێژخایەن دادەنێت بۆ بەژینگەدۆست کردنی خوێندنگەکانی".

لە پەیامێکدا کە دەستەی بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندە پەروەردەییە بڵاویان کردوەتەوە، جەخت لە گرنگی ژینگەدۆستی دەکەنەوە و رایدەگەیەنن، یەکەم ناوەندی پەروەردەیین کە لەو بوارەدا پلانی ستراتیژی درێژخایەن بۆ ژینگەدۆستکردنی خوێندنگاکەیان دادەرێژن.

"لە هەنگاوێکی ناوازەی دیکەدا وەک یەکەم ناوەندی پەروەدەیی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق پلانی ستراتیژی درێژخایەنمان دانا بۆ بەژینگە دۆستکردنی خوێندنگەکانمان و پەروەردەکردنی نەوەیەکی ژینگەدۆست کە ئاشنایی تەواوی تیۆری و پراتیکی هەبێت لەسەر گشت بابەتە ژینگەییەکان وه‌ هیوادارین كه‌ ببینه‌ نموونه‌ بۆ گشت ناوه‌نده‌ په‌روه‌رده‌ییهكانی دیكه‌" لە پەیامەکەدا وا هاتوە.

دەشڵێن  "هەر لە سەرەتای ئەمساڵی خوێندنەوە 2019-2020 یەکەم هەنگاوی جددی دەنێین لە جێبەجێکردنی پلانەکەماندا لە هەندێک لەخوێندنگەکانمان وەك سەرەتایەک و ئامانجمانە کە لە داهاتودا گشت خوێندنگاکانمان بگرێتەوە و ببنە خوێندنگای ژینگەدۆست".

بەگوێرەی پەیامی ناوەندەکە، خوێندنگاکانی سەر بەو ناوەندە دەبن بە ئەندام لەلە گەورەتیرن ڕێکخراوی جیهانی كە زیاتر لە 65 وڵاتی جیهان تێیدا ئەندامن.

ئاماژە بەوەشدراوە، فێرخوازەکانی ئەو ناوەندە، لە ساڵانی داهاتودا بڕوانامەی "خوێندنگای ژینگەدۆست" وەردگرن لەسەر ئاستی جیهان بڕواپێکراوە.

ناوەڕۆکی پلانی ستراتیژی کۆلێژەکانی یونایتد ساینس بریتییه‌ له‌:

١. گرنگیدان بە بواری ژینگە وەک بوارێکی سەرەکی و پەروەردەکردنی خوێندكاران بۆ ئەوەی ببنە نەوەیەکی ژینگەدۆست بە وانەی تیۆری لەسەر کێشەکانی ژینگە لە ئێستادا و چالاکی پراکتیکیی ژینگەدۆستی.

٢. کارکردن لەسەر کەمکردنەوەی خاشاک لە بوارەکانی : 
پلاستیک، بە هاندانی خوێندکاران بۆ بەکارهێنانی بوتڵی خۆیان بۆ ئاوخواردنەوە و دانانی وێستگەی پڕکردنەوەی ئاو.

خۆراک: هەژمارکردنی بڕی خۆراکی فڕێدراو بە شێوەیەکی هەفتانە بۆ ئەوەی بەردەوام لەپێش چاو بێت وەک هاندەرێک بۆ کەمکردنەوەی خاشاکی خۆراکی.

دروستکردنی سەتڵی کۆمپۆست لەناو قوتابخانەکاندا وەک چالاکییەکی خوێندکاران.
کاغەز. دڵنیابوونەوە لە بەکارهێنانی سەرچاوەی ژینگەدۆستی کاغەز و بەکارنەهێنانی کاغەز لە هەر شوێنێکدا کە پێویست نەبێت.

٣. جیاکردنەوەی سەتڵی خاشاکی کاغەز و مقەبا، قوتوو، پلاستیک، خواردن، پیل و پاتری و گەڕاندنەوەیان بۆ کارگەکانی ڕیسایکلینگ.

٤. دانانی شوێنی وەستاندنی پاسکیل لەناو قوتابخانەکاندا وەک هاندانێک بۆ بەکارهێنانی پاسکیل لەلایەن قوتابیانەوە.

٥. کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە بە دانانی سێنسەری گڵۆپ و هەر ڕێکارێکی پێویستی تر.

٦. کارکردن لەسەر دروستکردنی وزەی ناوخۆیی لە قوتابخانەکاندا لەڕێی وزەی خۆرەوە بەپلانی کورت و درێژخایەن.

٧. کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو بە بەکارهێنانی سێنسەر و بیرۆکەی گەڕاندنەوەی ئاو و بیرۆکە هاوشێوەکان.

٨. زیادکردنی سەوزایی بەشێوەیەکی ساڵانە و بەکارهێنانی زۆرترین شوێن وەک سەوزایی. ئەمەش بەبەشداری خوێندکاران.

 

لە کۆتای پەیامەکەشیاندا، سوپاسی خۆبەخشانی گروپی ژینگەدۆستی دەکەن بۆ "هەوڵ و ماندوبون و هاوکاریکردن"یان لە ئامادەکردنی ئەو پلانە ستراتیژییە درێژخایەندا.


نیشانەکردن :

#ژینگەدۆستیی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP