عادل عەبدولمەھدی: لەگەڵ بارزانی لەسەر چارەسەركردنی دەستورییانەی كێشەكان رێككەوتوین

- 7/17/2019 12:01:00 PM 6918 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ مەسرور بارزانین سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر چارەسەركردنی دەستورییانەی كێشەكان رێككەوتون و ھەردولاش خواست و نیازپاكییان نیشانداوە.
 راشكاوانە باسمان لە كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا كرد، خواستێكی دو لایەنە ھەیە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان

 

عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری راشكاوانە باسیان لە كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا كردوە، خواستێكی دو لایەنە ھەیە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان.
پێشنیازکراوە کە هەردولا بەجیا رەشنوسێك ئامادەبکەن، بۆ خستنەڕوی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بەپێی دەستوری عێراق بۆ کێشەکان

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "گرنگ ئەوەیە نیازێکی باش بۆ چارەسەری ئەو کێشانە هەیە، بۆیە پێشنیازکراوە کە هەردولا بەجیا رەشنوسێك ئامادەبکەن، بۆ خستنەڕوی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بەپێی دەستوری عێراق بۆ کێشەکان".

عادل عەبدولمەھدی وتیشی، "دەستور بنەمایەکی سەرەکیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێویستە لایەنەکان بۆ دەستور بگەنەڕێنەوە".

دوێنێ چوارشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەریەکە لە د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP