نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی: حكومەتی عێراق پێشوازی لە خواستی هاریكاری حكومەتی هەرێم دەكات

- 7/16/2019 9:51:00 PM 1660 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق پێشوازی لە خواستی هاریكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات.

ئەمڕۆ لە سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، چاویانكەوت بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی عێراق و كۆبونەوەیەكیان لەبارەی پرسەكانی نەوت و بودجە و ناوچەدابڕێنراوەكان و پرسی ئاوارەكان كرد.
حكومەتی فیدراڵی پێشوازی لەو كەشی هاریكاری و لەیەكتر تێگەیشتنە دەكات لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان

 

ئێوارەی ئەمڕۆ نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەیاننامەیەكی لەبارەی ناوەرۆكی كۆبونەوەی نێوان عادل عەبدولمەهدی و شاندی حكومەتی هەرێم بڵاوكردەوەو رایگەیاند،"حكومەتی فیدراڵی پێشوازی لەو كەشی هاریكاری و لەیەكتر تێگەیشتنە دەكات لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمەش لە پێناو بەهێزكردنی تەواوكاری و چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لە بەرژەوەندی عێراقیەكان.

هەر بەپێی بەیاننامەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەری تەواوی كێشە هەڵپەسێردراوەكان دوپاتكردوەتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە كە لەو سەردانەدا مەسرور بارزانی خواستی بوە لە دوای وەرگرتنی پۆستە نوێیەكەی و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەغدا یەكەم وێستگەی سەردانەكانی بێت و جەختیشی كردوەتەوە كە سورن لەسەر چارەسەری تەواوی كێشەكان بە پێی دەستوری هەمیشەیی عێراق.

یەكەمین وێستگەی سەردانەكەی شاندی هەرێم بۆ بەغداد بۆ كۆشكی سەلام بو، كەلەلایەن سەرۆك بەرهەم سەرۆك كۆماری عێراق پێشوازیانلێكرا و تیایدا رایگەیاند، جەخت لە گرنگی ھەماھەنگی و دیدی ھاوبەش و گفتوگۆی جددی دەکەمەوە.

هەر ئەمڕۆ دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، مەسرور بارزانی و محەمەد حەلبوسی كۆبونەوەكانیان بەسەركەوتو وەسفكرد.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP