سەرۆک کۆمار و سەرۆک حکومەتی فەلەستین کۆبونەوە
جەخت لە پێویستی دامەزراندنی سیستەمێکی ناوچەیی ھاوبەش دەکەنەوە

- 7/16/2019 12:42:00 PM 1280 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆشکی سەلام لەبەغدا پێشوازیکرد لە د. محەمەد ئاشتیە، سەرۆکی حکومەتی فەلەستین و شاندی یاوەری و سەبارەت بە بەھێزکردنی پەیوەندییە دو قۆڵییەکان و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی ئاسۆی ھاریکاری نێوان ھەردو وڵات گفتوگۆکرا.

نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رایگەیاند، لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک بەرھەم جەختی لە ھەڵوێستی عێراق کردەوە، سەبارەت بە پشتیوانیکردنی لە گەلی فەلەستین و  دەستەبەرکردنی مافی یەکجاری بۆ چارەسەرکردنی دۆزی فەلەستین.

ھەر لەدیدارەکەدا سەرۆک کۆمار ئاماژە بە پەرۆشی عێراق کرد، سەبارەت بە دابینکردنی مافی تەواوی برا فەلەسیتنیەکانی نیشتەجێ عێراق. 
 
لەلای خۆیەوە سەرۆکی حکومەتی فەلەستین، سڵاو و ڕێزی سەرۆکی فەلەستین مەحمود عەباسی گەیاندە سەرۆک کۆمار، ھاوکات خواستی وڵاتەکەی دوپاتکردەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق لە گشت بوارەکاندا، ھەروەھا ھەڵوێستی عێراقی لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەلەستین لە گشت ئاستەکاندا بەرزنرخاند.

ئەوەش خراوەتەڕو، لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە پێویستی دامەزراندنی سیستەمێکی ناوچەیی ھاوبەش کرایەوە بۆ ھاریکاری و نەھێشتنی ئاستەنگەکانی بواری سیاسی و ئاسایش و ئابوری، بەجۆرێک کە ببێتە مایەی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی گەلانی ناوچەکە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP