ئەردۆغان: تا 2020 موشەكی S400 بە تەواوی رادەست دەكرێت

- 7/16/2019 9:56:00 AM 1048 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە مانگی نیسانی ساڵی 2020دا سیستمی بەرگری موشەكی ئێس-400 روسی بە تەواوی رادەستی وڵاتەكەی بكرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەمیانی وتەیەكیدا سەبارەت بە سێیەمین ساڵرۆژی یادكردنەوەی هەوڵی كودەتا سەربازیەكەی توركیا كە لە 15ی تەمموزی 2016دا رویدا رایگەیاند، "بەپێی رێككەوتن و پەیمانەكان، رادەستكردنی بەشەكانی دیكەی موشەکی ئێس 400 بەردەوامدەبێت و پێشبینیدەكرێت تا نیسانی ساڵی داهاتو ئەو چەكە بە تەواوی لە لایەن روسیاوە رادەستی توكریا بكرێت".

هەینی رابردو، 12ی تەممو، رادەستكردنی سیستمی ئێس-400 بە توركیا لە لایەن روسیاوە دەستیپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەوەش سەرەڕای بەرهەڵستی و هۆشداریە توندەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە، سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ ئەو چەكە بە مەترسی بۆ سەر هاوپەیمانیەكە هەژماردەكەن.

ساڵی 2017 ئەنقەرە بە بری 2.5 ملیار دۆلار رێككەوتنێكی لەگەڵ مۆسكۆ واژۆکرد، بە مەبەستی كڕینی موشەكی ئێس-400، بەپێی رێككەوتننامەكە توركیا بەشێك لەو بڕە پارەیە دەداتە روسیا و بەشەكەی دیكە دەچێتە بری ئەو قەرزەی كە روسیا لای توركیا هەیەتی.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP