بەپەلە

ئەردۆغان: دوای ئێس-400 هەنگاوی دیكەمان دەبێت

- 7/14/2019 8:24:00 PM 8059 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، رێككەوتنی وڵاتەكەی تایبەت بە كڕینی سیستمی موشەكی بەرگری ئێس-400 لەگەڵ روسیا، یەكێكە لە گرنگترین رێككەوتنەكانی مێژوی نوێی توركیا، بەڵام بەو هەنگاوە خۆیان بۆ جەنگ ئامادەناكەن.

خۆمان بۆ جەنگ ئامادەناكەین

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەمیانی لێدوانێكیدا ئەمڕۆ یەكشەممە رایگەیاند "لە ئێستادا باشترین رێككەوتنی توركیا، رێككەوتنەكەیەتی لەگەڵ روسیا سەبارەت بە كڕینی چەكی ئێس-400ی روسی، بەڵام بەو هەنگاوە خۆمان بۆ جەنگ ئامادەناكەین".

بە مەبەستی باشكردنی توانا بەرگریەكانمان هەنگاوی دیكەمان دەبێت


سەرۆكی توركیا لەوباریەوە وتی "تاكە ئامانجمان لە كڕینی ئەو سیستمە بەرگریە، گرەنتیكردنی ئاشتی و سەقامگیری وڵاتەكەمانە و ئەو پڕۆسەیە بۆ توركیا زۆر گرنگ بوە" راشیگەیاند "بە مەبەستی باشتركردنی توانا بەرگریەكانی وڵاتەكەیان هەنگاوی دیكەیان دەبێت".

دەبێت ناتۆ لەو هەنگاوەمان دڵخۆشبێت


سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) ئەردۆغان رایگەیاند "دەبێت ناتۆ دڵخۆشبێت، چونكە رێككەوتنی ئێس-400 بە شێوەیەكی ئەرێنی كاریگەری لەسەر داهاتوی دروستدەكات".

لەگەڵ روسیا پێكەوە چەكەكە بەرهەمدەهێنین


هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەكرد "كۆنترۆڵی ئەو سیستمە بەرگریە بەشێوەیەكی تەواو لەژێر دەستی هێزە چەكدارەكانی توركیادا دەبێت و بەپێی رێككەوتننامەكەش توركیا و روسیا پێكەوە ئەو چەكە بەرهەمدەهێنن".

دەبێت ترەمپ زەمینەیەكی نێوەندگیر و ئاڵتونی بڕەخسێنێـت


هاوكات ئەردۆغان باسی لە ئەگەرەكان سەبارەت بە كاردانەوەكانی واشنتن كرد و وتی "دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا توانای ئەوەی هەیە بەوهۆیەوە سزا بەسەر وڵاتەكەماندا بسەپێنێت، بەڵام پێویستە سەرۆكی كۆشكی سپی (زەمینەیەكی نێوندگیر و ئاڵتونی) سەبارەت بەو ناكۆكیە بڕەخسێنێت".

هەینی رابردو، 12ی تەممو، رادەستكردنی سیستمی ئێس-400 بە توركیا لە لایەن روسیاوە دەستیپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەوەش سەرەڕای بەرهەڵستی و هۆشداریە توندەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە، سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ ئەو چەكە بە مەترسی بۆ سەر هاوپیەمانیەكە هەژماردەكەن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP