"خەڵکی وادەزانن ئۆتۆمبێل دابەشدەکرێت بەسەر پەرلەمانتاراندا، ئەسڵ و ئەساسی نیە"
پەرلەمانتارێک: وەرگرتنی ئۆتۆمبێلی پەرلەمانتاران بەبێ پێشەکی نیە

- 7/12/2019 11:39:00 PM 5456 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسێکی پەرلەمان رایدەگەیەنێت، ئۆتۆمبێل بەبێ پێشەکی دەدرێت بە پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی پەرلەمانی کوردستان، ئەندامێکی پەرلەمانیش دەڵێت "وەرگرتنی ئۆتۆمبێلەکان بەبێ پێشەکی نیە".

بەبێ پێشەکی نیە

 

هەرچەندە پێشتر هیوا نه‌سره‌دین، به‌ڕێوه‌بەری گشتی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان رایگەیاندبو "به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان‌ و كۆمپانیایه‌كی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل كراوه‌، پێدانی ئۆتۆمبێل به‌بێ پێشه‌كی‌ و به‌ قیست بۆ په‌رله‌مانتاران خراوه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌"، بەڵام ئەندام پەرلەمانێک دەڵێت"بەبێ پێشەکی نیە".

 بە سێ قیست دەدرێت و ئەوی تریش بەپێی جۆری سەیارەکە مانگانە لە ئەندام پەرلەمانەکان دەبردرێت

 

جەمال حەوێز، پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی بە خەندان-ی وت"بەبێ پێشەکی نیە و پێشەکی لەگەڵە، بە سێ قیست دەدرێت و ئەوی تریش بەپێی جۆری سەیارەکە مانگانە لە ئەندام پەرلەمانەکان دەبردرێت".

پێشەکیەکە 24 هەزار دۆلارە

 

جەمال حەوێز وتیشی" پێشەکیەکە 24 هەزار دۆلارە و بە سێ قیست دەدرێت، هەر قیستەی بە سێ مانگ و لە ماوەی نۆ مانگ دەبێت پێشەکیەکە بدرێت".

 زۆری سود دەچێتە سەر

 

سەبارەت بە بڕی ئەو سودەی دەچێتە سەری وتی" زۆری سود دەچێتە سەر، ئەو برادەرانەی ئۆتۆمبێلی جۆری لاند کرۆزەر وەردەگرن وتویانە ١٢ هەزار  و 500 دۆلاری دەچێتە سەر".

خەڵکی دەرەوەی پەرلەمان واتێگەیشتون ئۆتۆمبێل دابەشدەکرێت بەسەر ئەندام پەرلەمانەکاندا، ئەوە ئەسل و ئەساسی نیە

 

" خەڵکی دەرەوەی پەرلەمان واتێگەیشتون ئۆتۆمبێل دابەشدەکرێت بەسەر ئەندام پەرلەمانەکاندا، ئەوە ئەسل و ئەساسی نیە، ئەندام پەرلەمان مانگانە پارەی لێدەبڕێت، جگە لەو بڕە پارەیەی بە پێشەکی دەیدات" جەمال حەوێز وای وت.

بڕی ئه‌و سوده‌ی ده‌چێته‌سه‌ر نرخی ئۆتۆمبێله‌كه‌ 2% داشكاندنی بۆ كراوه‌

 

پێشتریش هیوا نه‌سره‌دین  وتبوی " له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، بڕی ئه‌و سوده‌ی ده‌چێته‌سه‌ر نرخی ئۆتۆمبێله‌كه‌ 2% داشكاندنی بۆ كراوه‌، به‌راورد به‌و شێوازه‌ی كۆمپانیاكه‌ ده‌یدات به‌هاوڵاتیان".

تائێستا زیاتر له‌ 40 په‌رله‌مانتار ئۆتۆمبێلیان راكێشاوه‌

 

ئاماژەشی بەوەداوە، تائێستا زیاتر له‌ 40 په‌رله‌مانتار ئۆتۆمبێلیان راكێشاوه‌ و مانگانه‌ له‌موچه‌كه‌یان ده‌بڕدرێت.

به‌ڕێوه‌بەری گشتی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان باسی لەوەشکردوە "دوای ئه‌وه‌ی پێدانی ئۆتۆمبێل بۆ په‌رله‌مانتاران ته‌واو بو، ئه‌وكاته‌ پێدانی ئۆتۆمبێل به‌هه‌مانشێوه‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مانیش ده‌ستپێده‌كرێت، به‌مه‌رجێك رێژه‌كه‌ی زۆر نه‌بێت".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP