وەزیری بەرگری ئەمریکا لەگەڵ هاوتا تورکەکەی کۆدەبێتەوە

- 7/12/2019 9:22:00 PM 1637 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت رایگەیاند ، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە پرۆگرامی F-35 نەگۆڕاوە وتیشی" لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیا کۆدەبنەوە".

مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، "ویلایەتە یەكگرتوەكان سەبارەت بە پێدانی فڕۆكەی ئێف-35 بە توركیا هەڵویستی خۆی نەگۆڕیوە، كە لە ئەگەری وەرگرتنی سیستمی ئێس-400 لە روسیا"، وتیشی "لەوبارەیەوە لەگەڵ هوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا كۆدەبێتەوە".

لەكاتێكدا لە رێکەوتی 26 ی مانگی رابردو لە برۆکسل وەزیری بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكان بە شێوەیەكی روبەڕو بە هاوتا تورکەکەی وتبو، تورکیا ناتوانێت لە یەک کاتدا پرۆگرامی ئێف-35  و سیستەمی بەرگری ئێس-400 شی هەبێت، بەیانی ئەمڕۆ هەینی بەشێك لە سیستمی ئێس-400 رادەستی توركیا كرا. 

ئێسپەر لەناو باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكاوە ئاماژەی بەوەشكرد "وەكو پێشتر رایانگەیاندوە، لە ئەگەری وەرگرتنی سیستمی ئێس-400ی روسی لە لایەن ئەنقەرەوە، رادەستكردنی سیستمی ئێف-35 بەو وڵاتە رادەگرین، ئێمە لەسەر هەمان هەڵوێستمان بەردەوامین و سەبارەت بەو پرسە لەگەڵ هاوتا توركەكەمدا كۆدەبمەوە".

راشیگەیاند "دوای كۆبونەوە و گفتوگۆكردنمان لەگەڵ وەزیری بەرگری توركیا، زۆر كار و رێكار دەبێت بۆ ئەنجامدان و بەداواداچونیان".

ئەو وتانەی ئێسپەر دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاند، بەشی یەكەمی پێكهاتەكانی سیستمی S400 گەیشتۆتە بنكەی ئاسمانی میورتێد لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا.

لە ئێستادا ویلایەتە یەكگرتوەكان بە شێوەیەكی فەرمی رادەستكردنی فڕۆكەی ئێف-35ی بە توركیا راگرتوە و مەشقكردنی بە فرۆكەوانە توركەكان بۆ ئەو مەبەستە هەڵپەساردوە.

لە هەمانكاتیشدا، بە شێوەیەكی تەواوەتی لابردنی ئەنقەرە لە سیستمی ئێف-35،  پلان و نەخشەرێگا لە ئارادایە، لەكاتێكدا دروستكردنی بەشێك لە پارچەكانی ئێف-35 لەو وڵاتەدا دروستدەكرێ و بڕیاروابوە ببێتە ناوەندێكی ناوچەیی بۆ دروستكردنی فڕۆكەكە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP