"یاری بە ئاگر مەكە"
چین هۆشداری دەداتە ئەمریكا

- 7/12/2019 7:16:00 PM 5596 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەبارەت بە پرسی تایوان و پڕچەككردنی  ئەو هەرێمە، حكومەتی چین لە هۆشداریەكی توندی داوەتە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.

هیچ هێزێكی دەرەكی ناتوانێت رێگە لە یەكپارچەیی چین بگرێت


وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین لەمیانی سەردانێكیدا بۆ هەنگاریا ئەمڕۆ هەینی لێدوانێكی رۆژنامەوانی پێشكەشكرد و تێیدا رایگەیاند "هیچ هێزێكی دەرەكی ناتوانێت رێگە لە یەكپارچەیی چین بگرێت و هیچ هێزێكی دەرەكیش مافی ئەوەی نیە دەستوەربداتە كاروباری وڵاتەكەوە".

داوای لە ئەمریكا كرد یاری بە ئاگر نەكات


ئەو دیپلۆماتكارە چینیە داوای لە حكومەتی واشنتن كرد، "درك بە چەندێتی مەترسیداربونی ئەو بابەتە بكات و هۆشداری دایە ئەو وڵاتە كە "یاری بە ئاگر" نەكات لە بابەتی پەیوەست بە دۆسیەی تایواندا".

ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی چین لەكاتێكدایە، سێشەممەی رابردو 9ی تەمموز وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی فرۆشتنی تانك و زرێپۆش و موشەكی بە تایوان پەسەند كردوە كە نرخەكەی دەكاتە 2.2 ملیار دۆلاری ئەمریكی.

مانگی رابردو، ئاژانسی وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە راپۆرتەكانی تایبەت بە رێككەوتنی مامەڵەی چەك لەنێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و هەرێمی تایوان رایگەیاند، "بە تەواوی نیگەرانین لە ئەگەرەكانی فرۆشتنی چەك بە تایوان"، داوای لە ویلایەتە یەكگرتوەكانیش كرد زیان بە پەویەندیەكانی ئەمریكا-چین نەگەیەنێت.

لە ئێستادا گرژیی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەریەك لە چین و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەهۆی چەند دۆسیەیەكی ستراتیجی تایبەت بە ناوچەی كێشە لەسەری دەریای چینی باشور كە دەكەوێتە نێوان چین و ئەو وڵاتە لە زیادبوندایە و جەنگی بازرگانی نێوان چین- ئەمریكا بەردەوامی هەیە.

 
حكومەتی چین دورگەی تایوان بە هەرێمێكی دابڕاو لە خاكەكەی خۆی دادەنێت و بەپێی لێداونی بەرپرسە باڵاكانی ئەو وڵاتە، ئەگەر پێویست بكات بە بەكارهێنانی هێز كۆنترۆڵی دەكەن.

حكومەتی واشنتن لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەكی راستەوخۆی لەگەڵ تایوان نیە، بەڵام بە یەكێك لە پشتیوانە گرنگە نێودەوڵەتیەكانی ئەو دورگەیە دادەنرێت و سەرچاوەی سەرەكیە بۆ چەكی ئەو ناوچەیە.


نیشانەکردن :

#ئەمریکا #چین

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP