ئەحمەد عەسكەری لەبارەی دانانی پارێزگارێكی نوێ لە كەركوك زانیاری دەخاتەرو

- 7/12/2019 4:21:00 PM 20790 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەرچەندە پارتی و یەكێتی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك راگەیاند، بەڵام ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت هێشتا ئاگادار نەكراوینەتەوە و نازانین كەی پارێزگاری نوێ هەڵدەبژێردرێت.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە خەندان-ی راگەیاند،"هەتا ئێستا یەكێتی و پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كەركوك هیچیان پێ نەوتوین".
ئێمە وەكو لیستی برایەتی هەتاكو ئێستا هیچ هەنگاوێكمان نەناوە بۆ گۆڕینی پارێزگاری كەركوك، هەرچەندە لێرەو لەوێ قسە دەكرێت

 

ئەحمەد عەسكەری وتیشی،"ئێمە وەكو لیستی برایەتی هەتاكو ئێستا هیچ هەنگاوێكمان نەناوە بۆ گۆڕینی پارێزگاری كەركوك، هەرچەندە لێرەو لەوێ قسە دەكرێت و لە بەغداش لیژنە هەیە كە وەزیرو بەرپرسانی تیادایە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە، بەڵام وەكو كورد شتێكی رەسمیمان نیە".

دواجار هەر دەبێت لیستی برایەتی كۆبونەوەكان ئەنجامبدات و گفتوگۆش هەر دەبێت لیستی برایەتی بیكات، پێویستە لەرێگەی لیستی برایەتیەوە گفتوگۆو دانیشتن لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان بكرێت

 

بەبڕوای ئەحمەد عەسكەری "دواجار هەر دەبێت لیستی برایەتی كۆبونەوەكان ئەنجامبدات و گفتوگۆش هەر دەبێت لیستی برایەتی بیكات، پێویستە لەرێگەی لیستی برایەتیەوە گفتوگۆو دانیشتن لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان بكرێت".

دوێنێ هەریەکە لە قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، رێککەوتن بۆ دانانی پارێزگاری كەركوك کراوە و کاندیدی هەردولایان بۆ ئەو پۆستە ئەندازیار تەیب جەبارە.

هەر بەپێی زانیاریەكانی خەندان، لەئێستادا پارتی و یەكێتی رێكەوتون لەسەر ئەو پرسە هیچ لێدوانێك بۆ دەزگا راگەیاندنەكان نەدەن و تەنانەت داوایان لە كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركوك كردوە خۆی بە دور بگرێت لە لێدوانی رۆژنامەوانی، ئەوەش بە مەبەستی دروستنەبونی گرفت لەبەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP