مالیكی: رۆڵی حەشدی شەعبی كۆتایی نەهاتوە و لەگەڵ ئەوەدا نیم بخرێتە ریزی سوپاوە

- 7/12/2019 2:43:00 PM 1738 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نیە چەكدارانی حەشدی شەعبی بخرێنە ناو ریزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراقەوە،  ئەو رێكخراوە چەكداریەشی بە "گرەنتی و دەماری ئارامی ئاسایش" ناوبرد.

نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ سۆمەریە نیوز رایگەیاند "لە ئێستادا لە عێراق چەند پاشماوەیەك هەیە بۆ تێكدانی سەقامگیری، ئەو تێكدەرانە لە ناوخۆ و دەرەوەشدا پەیوەندیان هەیە".
سوتانی كێڵگە كشتوكاڵیەكان كارێكی تێكدەرانەیە بەرامبەر ژێرخانی ئابوری، كە پێشتریش بە هەمان كار بەرامبەر ستونە كارەباییەكان و عەمبارەكانی نەوت ئەنجامدەدرا

 

لە وتەكانیدا مالیكی ئاماژەی بە روداوەكانی ئەمدواییەی شارەكانی عێراق كرد و رایگەیاند "سوتانی كێڵگە كشتوكاڵیەكان كارێكی تێكدەرانەیە بەرامبەر ژێرخانی ئابوری، كە پێشتریش بە هەمان كار بەرامبەر ستونە كارەباییەكان و عەمبارەكانی نەوت ئەنجامدەدرا"

وتیشی "سەرجەم ئەو كارانە كردەوەی تێرۆریستین هاوشان لەگەڵ تێكدەری و تەقینەوەكان، بەڵام چیدی ئەو پاشماوە و تێكدەرانە ناتوانن جارێكی دیكە كۆنترۆڵی پارێزگا و شارەكان بكەنەوە".

سەبارەت بە ركخراوی چەكداری حەشدی شەعبی مالیكی وتی "ئەمڕۆ خاوەنی ژمارەیەك هێزین كە دەتوانن لە هەر ناوچەیەك بێت روبەڕوی بەهێزترین دامەزراوەی تێرۆریستی ببنەوە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەزمونەكانی پێشوتر دوبارە نەبێتەوە دەڵێم: گرەنتی و دەماری ئارامی حەشدی شەعبیە".

رۆڵی حەشد كۆتایی نەهاتوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دەستكەوت و چالاكیەكانیان رێزی لێبگیرێت و بەرزبنرخێندرێت

 

لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكرد "رۆڵی حەشد كۆتایی نەهاتوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دەستكەوت و چالاكیەكانیان رێزی لێبگیرێت و بەرزبنرخێندرێت".

سەبارەت بە بڕیاری یەكخستنی حەشدی شەعبی لەگەڵ ریزەكانی سوپا و پۆلیسی عێراقدا مالیكی وتی "باس لە گرنگی مانەوەی حەشد دەكەین، هیچ كەسێك باس لەوە ناكات حەشد بێ رێكخستن و پەكەری پێكهاتن بمێنێتەوە و یەكێك نەبێت لەو یەكانەی دەوڵەت كە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا نەبێت"، راشگەیاند "من لەگەل ئەو بیرۆكەیەدا نیم حەشدی شەعبی لەگەڵ سوپادا و پۆلیسدا یەكبخرێت و لەناویاندا بتوێتەوە".

سەبارەت بە هاوسەنگی نێوان یەكەكانی سەر بە حەشدی شەعبی مالیكی رونیكردەوە "زیاتر لە 35 هەزار جەنگاوەری سوننی لە ریزەكانی حەشدی شەعبیدان و سەرجەم ئەو چەكدارانەی لەسەر زەوی عێراقدان دەبێت لەژێر چوارچێوە و چەمكی نیشتیمانیدا بمێننەوە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP