چارەنوسی برایەكی دیكەیان نادیارە
لەروداوێكی هاتوچۆدا دو برا گیانیان لەدەستدا و دو كەسی دیكەش برینداربون

- 7/12/2019 12:27:00 PM 36664 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە ئەنجامی روداوێكی هاتوچۆ لەسەر رێگەی سۆران ــ  چۆمان، دو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و دوانی دیكەش برینداربون و هێشتا چارەنوسی سەرنشینێكی دیكەش دیار نییە.
ئۆتۆمبێلێكی جۆری كرۆلا تەكسی توشی وەرگەڕان بوە كە شۆفێرێك و چوار سەرنشینی تێدابوە و لە ئەنجامدا دو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوانی دیكەش بریندارن و یەكێك لە سەرنشینەكانیش هێشتا چارەنوسی نادیارە

 

رائید، دلاوەر لەتیف یەحیا، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەكان لە هاتوچۆی سۆران بە خەندان-ی راگەیاند،"كاتژمێر 8:30 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیک  گوندی (وارە کەون) لە رێگای سۆران ــ  چۆمان ( هاملتۆن )، ئۆتۆمبێلێكی جۆری كرۆلا تەكسی توشی وەرگەڕان بوە كە شۆفێرێك و چوار سەرنشینی تێدابوە و لە ئەنجامدا دو هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوانی دیكەش بریندارن و یەكێك لە سەرنشینەكانیش هێشتا چارەنوسی نادیارە.

سەرجەم قوربانیەكانی ئەو روداوە خەڵكی ناحیەی دارەتون لەپارێزگای هەولێر و بەمەبەستی گەشتكردن رویان لە ناوچەی باڵەكایەتی كردوە

 

دلاوەر لەتیف وتیشی،"(محەمەد علی) كە شۆفێری تەكسیەكە بوە لەگەڵ (راید علی) گیانیان لەدەستداوە و برایەكی دیكەشیان بەناوی (مستەفا عەلی) تاكو ئێستا چارەنوسی نادیارە كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان گوماندەكرێت كەوتبێتە ناو روباری باڵەكایەتی، چونكە دوای وەرگەڕانی بەرەو روبارەكە چوەو لەرۆخی روبارەكە وەستاوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد كە لەو روداوەدا هەریەك لە (هەڵات طاهیر رەحمان، هەرێم  جەواد مصطفی ) برینداربون، سەرجەم قوربانیەكانی ئەو روداوەش خەڵكی ناحیەی دارەتون لەپارێزگای هەولێر و بەمەبەستی گەشتكردن رویان لە ناوچەی باڵەكایەتی كردوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP