یەكەمین لێدوانی وەزیری نوێی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بۆ خەندان

- 7/12/2019 12:12:00 AM 12309 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم وێرای راگەیاندنی پلانی لە چوارساڵی داهاتودا لەسەر بڕینەوەی موچەی كابانی ماڵ رایگەیاند، هەوڵدەدەین لەم خولەدا پەرلەمان یاساكە پەسەندبكات و ئێمەش بەهەمو شێوەیەك پشتیوان دەبین، دەشڵێت، هەوڵدەدەین ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەی بە ناهەق موچەكانیان بڕدراوە بۆی بگێڕنینەوە.
هەوڵدەدەین بابەتی قەرزی بچوك ببوژێنینەوە، یاسای كار ببوژێنینەوە، یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە پەیوەندی بە  ئەو كەسانەوە هەیە كە لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن

 

كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لە بنەرەتدا دو وەزارەتە، كە پێكهاتوە لە وەزارەتی كار، لەگەڵ وەزارەت كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزاەرتی كاروباری كۆمەڵایەتی پەیوەندی بە كەمئەندامان و كورتەباڵاكان و تۆڕی چاودێری خێزانەوە هەیە، ئەو خێزانانەی لە خوار هێڵی هەژاریەوەن، پەیوەندی بە چاكسازیەكانەوە هەیە، لەگەل نەوجەوانانی كوران و كچان و خەڵوەتگەی پیری و دایەنگەكان، ئەوانە هەموی لە رابردودا  و تا ئێستا پر كێشەن، من ئەوەندەی پێمبكرێت چاكسازی لە هەمو ئەوانەدا دەكەم، بۆ هاوكاری و خۆشگوزەرانی هەمو ئەو چین و توێژانە چیم پێبكرێت دەیكەم".

كار بۆ هەمو كۆمەڵانی خەڵك دەكەین، ئەو پڕۆژە چاكسازیەی كە بڕوامان پێبوە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان، لەناو حكومەتدا هەمو توانامان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی جێبەجێی بكەین

 

كوێستان محەمەدوتی،"بەشی دوەمی وەزارەت بابەتی كارە كە پەیوەندی بە بابەتەكانی بێكاریەوە هەیە، هەوڵدەدەین بابەتی قەرزی بچوك ببوژێنینەوە، یاسای كار ببوژێنینەوە، یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كە پەیوەندی بە  ئەو كەسانەوە هەیە كە لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن، ئەو یاسایەی كە كاتی خۆی پەرلەمان دەریكرد و كۆمەڵێك مافی دابینكردوە بۆ ئەو كەسانەی كە لە كەرتی تایبەتدا كاردەكەن، بە تایبەتی خانەنشین بونیان، ئەو یاسایە هەوڵدەدەین هەمواریبكەینەوە، چونكە من لەو كاتەدا كە پەرلەمانتاربوم بەدواداچونم كردوە و ئەو یاسایە وەكو پێویست نەچوەتە بواری جێبەجێكردنەوە".

وتیشی،"بە هەموو تواناماوە هەولدەدەم خزمەتی خەڵك بكەم، كار بۆ هەمو كۆمەڵانی خەڵك دەكەین، ئەو پڕۆژە چاكسازیەی كە بڕوامان پێبوە وەكو بزوتنەوەی گۆڕان، لەناو حكومەتدا هەمو توانامان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی جێبەجێی بكەین".

لە خولی پێنجەمدا فراكسیۆنەكەی ئێمە لە بەرنامەیدا هەیە كاری بۆ بكات تا پرۆژەی یاسای دابینكردنی موچەی كابانی ماڵ پەسەندبكرێت

 

سەبارەت بە كاركردن لەسەر پرۆژەی یاسای دابینكردنی موچەی كابانی ماڵ كە پێشتر گۆڕانی بانگەشەی بۆ دەكرد وتی،"دیارە ئەو پڕۆژەیە لە خولی سێیەمی پەرلەمان خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كرا، بەڵام دواجار ئاستەنگی بۆ دروستكراو نەهێڵرا پەسەندبكرێت، لە خولی چواریشدا بە هەمانشێوە، لە خولی پێنجەمدا فراكسیۆنەكەی ئێمە لە بەرنامەیدا هەیە كاری بۆ بكات تا پەسەندبكرێت، هەركاتێك پەسەندكرا ئەو كاتە جێبەجێكردنی لە ئەستۆی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی داراییدایە بە دڵنیاییەوە هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ جێبەجێكردنی"

ئاماژەی بەوەشكرد،"هەركاتێك ئەوان كەوتنە گفتوگۆكردن و خوێندنەوەی دوەم بۆ پرۆژە یاسای بڕینەوەی موچەی كابانی ماڵ، ئێمە بانگدەكەن كە من بە هەمو توانای خۆم پشتگیری لێ دەكەم".

هەوڵدەدەین ئەو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەی بە ناهەق موچەكانیان بڕدراوە بۆی بگێڕنینەوە

 

دەربارەی موچەی كەمئەندامان و خاوەن پێداویستیە تایبەتەكان وتی،"ئێستا ژمارەیەكی زۆریان كە بە ناهەق موچەكانیان بردراوە دەبێت ئەوانە موچەكانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، بەشی دوەمی پەیوەندی بە یاساكەیانەوە هەیە كە كۆمەڵێك مافی داونەتێ تا ئێستا ئەو مافانە دابیننەكراوە، خاڵی سێیەم كە پەیوەندی بە موچەكانیانەوە هەیە پەیوەندی بەوەوە هەیە كە دەبێت جارێكی دیكە پەرلەمان یاساكە هەمواربكاتەوە، چونكە دانانی رێژەكە و زیندوكردنەوەی موچەكانیان كە پەرلەمان كردویەتی، بۆیە ئێمە هەوڵدەدەین ئەوەی بە ناهەق موچەكەی بڕدراوە بۆی بگێڕنینەوە، لە قۆناغی دوەمدا هەوڵدەدەین ئەو بڕە پارەیەی كە یاساكە بۆی دەستەبەركردون و جێبەجێ نەكراوە جێبەجێی بكەین، سێیەم هەوڵدەدەین پەرلەمان بە بابەتی موچەكانیاندا بچێتەوە.   

 

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP