وەزیری نوێی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ خەندان دەدوێت

- 7/11/2019 11:35:00 PM 14216 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم رایگەیاند،"ئیتر كاتی ئەوەیە ئێمە تەنها پشت بە نەوت نەبەستین"، وتیشی،"دەكرێت بنیادی شۆڕشێكی پیشەسازی بنێین ئەگەر پاڵپشتیمان بكرێت".

ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیمان بكات لە وەزارەتی كشتوكاڵ، پێموایە بوژانەوەی ئەم كەرتە لەروی دوبارە بنیاتنانەوەیەكی باش رودەدات، بۆ ئەوەی بیكەینە سەرچاوەیەكی ئابوریەكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان

 

بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"لە بیركردنەوە و بەرنامە و خواستمدایە لەو وەزارەتەدا جێبەجێی بكەم ئەوەیە، كە هەمومان دەزانین هەرێمی كوردستان هەرێمێكی كوشتوكاڵییە و دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاو، بەتایبەتی كەرتی كشتوكاڵ تا ڕادەیەكی زۆر پەراوێزخراوە، بەڵام ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیمان بكات لە وەزارەتی كشتوكاڵ، پێموایە بوژانەوەی ئەم كەرتە لەروی دوبارە بنیاتنانەوەیەكی باش رودەدات، بۆ ئەوەی بیكەینە سەرچاوەیەكی ئابوریەكی گەورە بۆ هەرێمی كوردستان، دەتوانین بڵێین هیچی كەمتر نییە لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، كە بوەتە سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات لە هەرێمی كوردستان"

دەكرێت بنیادی شۆڕشێكی پیشەسازی بنێین ئەگەر پاڵپشتیمان بكرێت

 

وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم وتیشی،"من ئاواتمە پەرەپێدانێكی تەواوەتی بەم كەرتە بدەم لە هەمو رویەكەوە، بۆ هەمو ئەو بەشانەی كە لەچوارچێوەی وەزارەتەكەمدا دەتوانم كاری لەسەر بكەم، هاوكات دەكرێت بنیادی شۆڕشێكی پیشەسازی بنێین ئەگەر پاڵپشتیمان بكرێت، ئەگەر دەرفەت بڕەخسێنرێت كە ئێمەش بتوانین بازاڕەكانمان پڕ بكەین لە بەروبومی خۆماڵی و ئەم كەرتە بە شێوازێك گەشە پێبدەین كە مەترسی هێنانی خۆراك لە دەرەوە كە جێگەی متمانەی دانیشتوانی كوردستان نەبێت كەمبكەینەوە".

سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی گوندەكان بە شێوازێكی پێشكەوتو بۆ ئەوەی بتوانین دوبارە هانی جوتیاران بدەین دوبارە لە شارەكانەوە بچنەوە بەرەو گوندەكان


راشیگەیاند،"ئومێدم زۆرە لەناو ئەو پلانە ستراتیژیەی كەدایدەڕێژین بۆ پەرەپێدانی توانای جوتیاران بە میكانیزم و ئیمكانیەتێكی پێشكەوتو، بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی گوندەكان بە شێوازێكی پێشكەوتو بۆ ئەوەی بتوانین دوبارە هانی جوتیاران بدەین دوبارە لە شارەكانەوە بچنەوە بەرەو گوندەكان".

ئێمە سەرچاوەی ئاومان زۆرە، چی ئاوی سەرزەوی یان ژێر زەوی، هەروەها سامانی ئاژەڵی كە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەكرێت زیاتر پەرەی پێ بدرێت

 

لەبەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا، وتی،"دروستكردنی بەنداو و هەمو ئەمانە لە چوارچێوەی ئەو پلانانە دەبن كە ئێمە دەمانەوێت گرنگی پێ بدەین، چونكە لە پاڵ زەویە كشتوكاڵی و توانای جوتیارانمان، ئێمە سەرچاوەی ئاومان زۆرە، چی ئاوی سەرزەوی یان ژێر زەوی، هەروەها سامانی ئاژەڵی كە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەكرێت زیاتر پەرەی پێ بدرێت".

پێویستمان بە پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستانە، بۆ سەرلەنوێ داڕشتنی یاسای تایبەتمەند لە بوارەكە یان هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی كە هەن، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر دەستكراوەبین

 

بێگەرد تاڵەبانی وتیشی،"پێویستمان بە پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستانە، بۆ سەرلەنوێ داڕشتنی یاسای تایبەتمەند لە بوارەكە یان هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی كە هەن، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر دەستكراوەبین، بێگومان ئەوەش بە تاقەو توانای ئەو ستافە دەبێت كە لەچوارچێوەی وەزارەت كاردەكەن و چەندین ساڵە خیبرەیان لەناو وەزارەت هەیە".

دەمەوێت كاتێك كە وەزارەتەكە بەجێدەهێڵم جێ پەنجەم دیاربێت و بڵێن لە سەردەستی ئەو گۆڕانكارییەكی جۆری لە وەزارەتەكە رویدا

 

وەزیری نوێی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو وتیشی،"وەكو وەزیرێك تموحی ئەوەم هەیە كە سەربكەوین و دەمەوێت كاتێك كە وەزارەتەكە بەجێدەهێڵم جێ پەنجەم دیاربێت و بڵێن لە سەردەستی ئەو گۆڕانكارییەكی جۆری لە وەزارەتەكە رویدا، وەزارەتی كشتوكاڵ ببێتە سەرچاوەی ئابوریەكی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان و من بتوانم بەردی بناغەكەی دابنێم، سوپاسی ئەوانەش دەكەم كە پێشتر لەم وەزارەتە كاریان كردوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، ئیتر كاتی ئەوەیە ئێمە تەنها پشت بە نەوت نەبەستین، چونكە كەرتی كشتوكاڵ كەرتێكی گرنگە منیش بەو ئامانجە دەمەوێت پلانی ستراتیژی ئەم وەزارەتە دابڕێژم".

بەگوێرەی ئەوەی هەردو جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكوەزیرانم بینیوە و گوێم لە وتەكانیان بوە، من پێموایە كەرتی كشتوكاڵ لایان گرنگە و دەیانەوێت ئەم كەرتەش بكەنە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات

 

دەربارەی دابینكردنی پێداویستیەكانی جوتیاران وتی،" ئەوەی لە دەسەڵاتی وەزارەت بێت، بەهێنانی كۆمپانیای گەورە بۆ ئەوەی بتوانین لەم بوارەدا پەرەپێدانی گەورە بكەین، پێویستمان بە پاڵپشتی بەهێز هەیە لە ئەنجومەنی وەزیران، وە بەگوێرەی ئەوەی هەردو جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكوەزیرانم بینیوە و گوێم لە وتەكانیان بوە، من پێموایە كەرتی كشتوكاڵ لایان گرنگە و دەیانەوێت ئەم كەرتەش بكەنە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات، ئەمەش لەسەر شانی گوندنشینان و جوتیاران و ئەو كەسانە بنیات دەنرێت كە لە بوارەكانی كەرتی كشتوكاڵ كار دەكەن بۆیە مافی خۆیانە وەزارەت هەمو كارێكیان بۆ بكات.

بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی پلانیان بۆ پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لە كەرتی كشتوكاڵ و چارەسەری كێشەی گەنمی جوتیاران، رایگەیاند،"بەشێك لەو یاسایانەی لەناو وەزارەتی كشتوكاڵ كاریان پێدەكرێت، ئەوانەن كە پێشتر لە پەرلەمانی عێراق دەركراون و كاریان پێدەكرێت و هەمواركراونەتەوە، بەتایەتی كێشەكانی زیادەڕەوی كشتوكاڵ و چاكسازییەكانی كەرتی كشتوكاڵ و بەدواداچونی كێشەی جوتیاران ئەركی ئێمە دەبێت".

بەمنزیكانە وەفدێكی حكومەتی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ كۆمەڵێك مەلەف، من بە فەرمی داوا دەكەم كە وەزیری كشتوكاڵ لەناو ئەو وەفدەدابێت

 

كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو وتیشی،"بەمنزیكانە وەفدێكی حكومەتی هەرێم دەچێتە بەغداد بۆ كۆمەڵێك مەلەف، من بە فەرمی داوا دەكەم كە وەزیری كشتوكاڵ لەناو ئەو وەفدەدابێت، لە هەمانكاتدا كاردەكەین بۆ ئەوەی ئێمە لەگەڵ ئەو كوردانەی لە بەغداد نوێنەری كوردن پەیوەندیەكی بەهێز دروستبكەینەوە و كاری جدی لەسەر ئەو گرفتانە بكەین كە لەنێوان ئێمەو بەغداد هەیە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP