ترەمپ پۆستێك بڵاودەكاتەوە و مشتومڕێكی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت

- 7/11/2019 10:29:00 PM 2051 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا تویتی لایەنگرێكی راستڕەوەكانی جیهانی لە هەژماری خۆی بڵاوكردەوە، ئەو هەنگاوەش بوە هۆی ئەوەی دەنگۆیەكی زۆر بەدوای خۆیدا بهێنێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتێكی كاتی هۆپكینس-ی بڵاوكردەوە، كە چالاكوانێكە پشتگیری لە پارت و سەركردە راستڕەوەكانی جیهان دەكات.

وێنای جیهانێكی بۆ خۆی نەخشاندوە تێیدا سەرجەم سەركردە راستڕەوەكان فەرمانڕەوای جیهانن


كاتی هۆپكینس، لە تویتەكەیدا وێنای جیهانێكی بۆ خۆی نەخشاندوە، كە تێیدا سەرجەم ئەو سەركردانەی لای خۆی پەسەندن سەرۆكایەتی بەشێك لە وڵاتانی جیهان دەكەن و هیواخوازی خۆی دەربڕیوە كە لە جیهانێكی لەو شێوەیەدا بژی.

گەر خواستی خوای لەسەربێت و جیهادیەكان بڕوخێن هیوادارم لەو جیهانەدا بژیم 


هۆپكینس لە تویتەكەیدا نوسیویەتی "گەر خواستی خوای لەسەربێت و جیهادیەكان بڕوخێن، هێندە دەژیم كە ببینم: ترەمپ لە كۆشكی سپیەو بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بریتانیایە، نەتانیاهو ئیسرائیل بنیاددەنێت، هەریەك لە بۆلسانارۆ و سالڤینی و كازیانسكی و سەرجەم راستڕەوەكانیش بەهێزدەبن".

بەشی زۆری ئەو سەركردانە رەگەزپەرست و توندئاژۆن


پاش ئەوەی ترەمپ ئەو تویتەی لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوكردەوە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا دەنگۆیەكی زۆر لەوبارەیەوە دروستبو، كە ژمارەیەكی زۆر خەڵك پێیانوایە بەشی زۆری ئەو سەركردانە رەگەزپەرست و توندئاژۆن".

لەكاتێكدا هەندێك لە پێگە جیهانیەكانیش ئاماژە بەوەدەكەن، چوار لەو سەركردە ئەوروپیانەی هۆپكینس ناویبردون، دژی بیرۆكەكانی هاوسەرگیری نێوان هاوڕەگەزبازەكان و لەباربردنی كۆرپەلەن، هاوكات دژی پەنابەرانیشن.

لە هەمانكاتدا بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بە شێوەیەكی بەرفراوان وەڵامی ئەو تویتەیان داوەتەوە و گاڵتەجاڕانە لەو نوسینانەیان روانیوە.


نیشانەکردن :

#ترەمپ #ئه‌مریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP