یەكەمین لێدوانی وەزیری نوێی دارایی و ئابوری بۆ خەندان

- 7/11/2019 8:22:00 PM 68927 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری نوێی دارایی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئێمە و سەرۆكی حكومەت، نیەتمان هەیە موچە بەڕێكو پێكی بدرێتەوە بە هاوڵاتیان و لەدوای چوارساڵی داهاتو خەڵك لێمان رازیبن.

ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"دەمەوێت وەزارەتەكەی من وەزارەتی هاوڵاتی بێت، هەمو شتێك بە رێكو پێكی و بەپێی یاسا بڕوات، ئەمەوێت رادەی رۆتین كەمببێتەوە و هەمو داهاتەكانی كوردستان بەشەفافی كۆبكرێتەوە و جارێكی دیكە بەپێی ئەولەویەت دابەشبكرێتەوە.

دەمەوێت ئەو موچانەی حكومەت لە دواوەیە لە پێدانی، ئەو موچانە بەشێوەیەك لە شێوەكان دابین بكرێتەوە و موچە لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت

 

وەزیری دارایی وتیشی،"دەمەوێت ئەو موچانەی حكومەت لە دواوەیە لە پێدانی، ئەو موچانە بەشێوەیەك لە شێوەكان دابین بكرێتەوە و موچە لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت،  سەرجەم داهاتەكان كۆبكرێتەوە و هەروەها رێكخستن لە بانكەكان بكرێت و وردە وردە سیستمی ئەلكترۆنی لە بابەتی موچە و بابەتەكانی دیكە بەكاربهێنرێت".

سەبارەت بە موچەی فەرمانبەران و پلانیان بۆ دانەوەی ئەو قەرزەی حكومەت لایەتی وتی،"ئەو دۆخە سیاسییەی كە لە عێراق و ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، ناتوانین پێشبینی روداوەكان بكەین چۆن دێنە پێشەوە، بۆیە بەپێی پێشهاتە سیاسیەكان كە لە ناوچەكە رودەدەن ئەوە دیاریی دەكرێت، گرنگ ئەوەیە ئێمە هەم حكومەت و هەم سەرۆكی حكومەت و ئێمەش لە وەزارەتی دارایی هەمان نیەتمان هەیە، لە هەوڵداین موچە بەڕێكو پێكی بدرێتەوە بە هاوڵاتیان و لەدوای چوارساڵی داهاتو خەڵك لێمان رازیبن".

 

دوێنێ لە پەرلەمانی كوردستان، متمانە درا بە سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم وەزیرەكان جگە لە وەزیری سامانە سروشتییەكان.

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP