راگەیاندنەكانی ئێران: سوپای پاسداران بنكەكانی كۆمەڵە لە هەرێم بە ئامانجدەگرێت

- 7/11/2019 6:55:00 PM 3151 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

راگەیاندنەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویانكردەوە، سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە بە تۆپ و فڕۆكە، بنكەكانی حزبی كۆمەڵە و حزبی دیموكراتی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان بە ئامانجگرتوە.
 لە شاخەكانی هەڵگورد و بەربەزین سەر بە هەرێمی كوردستان، موشەكەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بنكەكانی حزبی كۆمەڵە و حزبی دیموكراتیان كردوەتە ئامانج

 

بەپێی هەواڵی ئەو دەزگایانە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاخەكانی هەڵگورد و بەربەزین سەر بە هەرێمی كوردستان، موشەكەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بنكەكانی حزبی كۆمەڵە و حزبی دیموكراتیان كردوەتە ئامانج. 

فەرماندەی گشتی ناوەندی "حەمزە سید الشهداء" سەر بە هێزە زەمینیەكانی سوپای پاسداران لەوباریەوە رایگەیاند،"پێویستە ئەو چەكدارانە باجی كردەوەكانیان بدەن كە لە پیرانشەهر ئەنجامیاندا".

ئەنجامدەرانی كردەوەكەی پیرانشەهر باجی تاوانەكانیان دەدەن تەنانەت ئەگەر لەژێر زەویشدابن

 

ئەو بەرپرسە سەربازیەی سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەشكرد"ئەنجامدەرانی كردەوەكەی پیرانشەهر باجی تاوانەكانیان دەدەن تەنانەت ئەگەر لەژێر زەویشدابن".

وتیشی "با حزبی كۆمەڵە و حزبی دیموكراتی كوردستان باش بزانن، بەتوندی وەڵامی هەر كردەوەیەك دەدەینەوە كە دژمان ئەنجامدەدرێت، دەبێت لەمڕۆشەوە باجی كردەوە و تاوانەكانیان بدەن".

بەپێی دەزگا راگەیاندنەكانی ئێران، رۆژی 9ی تەموزی 2019، لە كردەوەیەكدا لە پیرانشەهر، سێ سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران كوژران.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP