وەزیری دەرەوەی بریتانیا: پێویستە بکوژی خاشقچی روبەروی دادگای بکرێتەوە

- 7/11/2019 4:06:00 PM 1370 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاند پێویستە دڵنیابین لەوەی کە بکوژی خاشقچی دەدرێتە دادگا.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، جێرمی هەنتی وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاندوە پێویستە دڵنیابین لەوە ئەوەی ئەو کەسەی جەمال خاشقچی بەو شێوە ترسناک و دڕندانەیە کوشتوە دەدرێتە دادگا.
پێداگیری لەسەر بەدادگاگەیاندنی بکوژانی دەکات

جێرمی هەنت یەکێکە لەو کاراکتەرە سیاسییانەی کە پاش کوشتنی خاشقچی لەقونسوڵگەری سعودیە لەئیستانبول پێداگیری لەسەر بەدادگاگەیاندنی بکوژانی دەکات.
لەتویتێکدا رۆژی 22ی ئۆکتۆبەری رابردو رایگەیاند ئەو پڕوپاگەندانەی کە باسی کوشتنی خاشقچی دەکەن لەجەنگێکدا قسەی بێ بنەماو باوەڕپێنەکراون، دەبێت بکوژانی بەرپرسیارێتی هەڵگرن و ئەوان دەست لەو کەیسە هەڵناگرن.

سەرەتای مانگی شوباتی رابردو، تیمی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لە کەیسی خاشقچی ئاشکرایان کرد،" خاشقچی لە لایەن بەرپرسانی سعودیەوە پلانی کوشتنی دانراوە و هەر ئەوانیش جێبەجێیان کردوە".

لەمبارەیەوە ئاجنس کۆڵمارد ئەندامی تیمی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند،"بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لەتورکیا کۆمکردوەتەوە دەرکەوتوە جەمال خاشقچی رۆژنامەنوس بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە و بەپلانی بەرپرسانی سعودیە کوژراوە".
 
وتیشی مانگی ئۆکتۆبەری رابردو بەرپرسانی سعودیە بۆماوەی 13رۆژ بەربەستیان بۆ لێکۆڵینەوەکانی تورکیا دروستکرد و دوایانخست.

جەمال خاشقچی بەفەرمانی راستەوخۆی جێنشینی سعودیە محمد بن سەلمان کوژراوە
ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە،"جەمال خاشقچی بەفەرمانی راستەوخۆی جێنشینی سعودیە محمد بن سەلمان کوژراوە و تەرمەکەی پارچە پارچە کراوە و تا ئێستا شوێنی ونکردنەکەی نەزانراوە".

رۆژی دووی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو هەواڵی کوشتنی رۆژنامەنوس جەمال خاشقچی بڵاوبویەوە و لەتەواوی جیهانەوە پەنجەی تۆمەت بۆ محمد بن سەلمان شازادەی جێنشینی عەرەبی سعودیە راکێشرا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP