سەرۆک وەزیرانی بریتانیا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات

- 7/11/2019 2:14:00 PM 3699 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-
وتەبێژی تێریزامەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا نیگەرانی بریتانیای لەبارەی هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر راگەیاند و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەی کرد.
بریتانیا نیگەرانە لەو هەنگاوەی ئێران و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەش دەکات

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبیە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پاش ئاشکرابونی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بریتانی لەلایەن چەند بەلەمێکی ئێرانیەوە، وتەبێژی تێریزامەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا بەرۆژنامەنوسانی راگەیاندوە بریتانیا نیگەرانە لەو هەنگاوەی ئێران و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکەش دەکات.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ حکومەتی بریتانیا رایگەیاند کەشتییەکی نەوتهەڵگری وڵاتەکەیان لەگەروی هورمز لەکەنداو لەلایەن سێ بەلەمی ئێرانییەوە بەمەبەستی راگرتنی پەلاماردراوە، حکومەتی ئێرانیش ئەو دەنگۆیانەی رتکردەوە و رایگەیاند بەلەمەکانیان کاری ئاسایی چاودێریکردنیان جێبەجێکردوە.

لەوبارەیەوە وتەبێژەکەی سەرۆک وەزیرانی بریتانیا رایگەیاندوە، وڵاتەکەی لەمێژە بونی هەیە لەکەنداودا و لەڕێگەی هێزە دەریاییەکانیانەوە چاودێری دۆخی ئاسایشی ناوچەکە دەکەن، بەرگری لە ئازادی گەڕان و پشکنین دەکەن.

داواشی لەکۆماری ئیسلامی ئێران کرد هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخی ئاسایشی کەنداو بدات و رێگەنەدات توندوتیژی لەوناوچەیە روبدات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP