هەواڵی ئەمڕۆ

مەسرور بارزانی بۆ وەزیرەكانی کابینەکەی: دور لە حزبایەتی خزمەتی هاوڵاتیان بكەن

- 7/11/2019 2:08:00 PM 3060 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت کۆبوەوە و داوای لێکردن بە گیانێکی نیشتمانی دور لە حزبایەتی خزمەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ریگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی، لەگەڵ وەزیرانی کابینەکەی کۆبوەوە و داوای لە وەزیرەکان کرد بە گوێرەی کارنامەی حکومەت و بە گیانێکی نیشتمانی دوور لە حزباتی خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی وەزارەتەکان پێکهێنراوە

 

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لیژنەیەکی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕکردنی وەزارەتەکان پێکهێنراوە، کە هەریەکە لە شەعبان شەعبان چالی، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکومەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی حکومەت و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەندامێتی دەکەن.

ئەو لیژنەیە سەرپەرشتی ئاڵوگۆڕی وەزارەتەکان دەکەن و بڕیارە تا هەفتەی داهاتو سەرجەم وەزارەتەکان ئاڵوگۆڕییان پێبکرێت.

خەندان زانیویەتی، دوشەممەی هەفتەی داهاتو یەکەمین کۆبونەوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت.

دوێنێ چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان کۆبوەوە و لە کۆبونەوەکەدا متمانەی بەخشییە سەرۆک و جێگر و وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دوێنێ لە یەکەمین وتاریدا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "پلان و ئامانجەکانمان بۆ خزمەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی کار رێکخستووە، کە نەخشەرێگای سەرەکی و گشتیمان دەبێت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەک بڕگەی دووەمی وتارەکەم دەیخەمە ڕو".

دەمانەوێت لە سەرەتاوە لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆمان ڕاستگۆ و شەفاف بین و واقعی دۆخەکە لەبەرچاو بگرین
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەمانەوێت لە سەرەتاوە لەگەل هاوڵاتیانی خۆمان ڕاستگۆ و شەفاف بین و واقعی دۆخەکە لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمانکاتدا بەڵێنی ئەوە دەدەین، کە ئەوەی لە توناماندا بێت درێغی ناکەین و لە پێناو چارەسەریی بنەڕەتیی گرەفتەکان وخزمەتی گەل و وڵات هەموو هەوڵ و توانایەکمان دەخەینە گەڕ".

بەپێی هەموو ڕاپرسییەکان، خواستی یەکەمی هاوڵاتیانمان ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵییە، خواستی یەکەمی منیش لەم کابینەیەدا  ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە

مەسرور بارزانی وتیشی، "بەپێی هەموو ڕاپرسییەکان، خواستی یەکەمی هاوڵاتیانمان ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵییە، خواستی یەکەمی منیش لەم کابینەیەدا  ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازییە، گەندەڵی دیاردەیەکی ترسناکە، بەڵام نەبوەتە کەلتور و لە تواناماندایە بە پاڵپشتیی ئیرادەی هاوڵاتیان و هاوکاریی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، لە ماوەیەکی کەمدا ئەم دیاردەیە بەرێژەیەکی بەرچاو بەرتەسک و بچووک بکەین، ئەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ بەرەنگاریی گەندەڵی نراون بەرز دەنرخێنین و لەمەولاش بە هیچ جۆرێک بەرامبەر بە گەندەڵکاران و سەرپێچیکەران نەرمی نانوێنین".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP