پارتی و یەکێتی کاندیدی پارێزگاری کەرکوک رادەگەیەنن

- 7/11/2019 12:29:00 PM 8107 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارتی و دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەمڕۆ ئەندازیار ته‌یب جه‌بار-یان وەك کاندیدی پارێزگاری كەركوك دیاریكرد.

هەریەکە لە قادر حەمەجان، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، رێککەوتن بۆ دانانی پارێزگاری کردوە و کاندیدی هەردولایان بۆ پارێزگاری کەرکوک ئەندازیار تەیب جەبارە.
لە چەند رۆژی رابردودا شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوە گەیشتبوینە رێککەوتن

 

حاکم قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانیەکەدا رایگەیاند، "لە چەند رۆژی رابردودا شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پێکەوە گەیشتبوینە رێککەوتن، ئەو رێککەوتنە هەنگاوێک بو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ".
 
هاوکات مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند، "چەند جارێک كۆبونەوەیان لەگەڵ برایانی یەكێتی لەسەر پرسی كەركوك كردوە و هەوڵیان داوە باری نائاسایی شارەكە بگۆڕن، دواجاریش هەردولا گەیشتنە ئەو بڕوایەی دەبێ لە بابەتی ئەمنی و تەتبیع و دانانی پارێزگار گۆڕانكاری بكەن، لیژنە هەیە لەسەر كەركوك، كە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كردوە و ئەوانیش گەیشتونەتە ئەنجامی باش، كە ماوەیەكی دیكە چاككردنەوەی هەندێ بابەت رادەگەیەندرێ".
لە میانەی ئەو سیڤییانەی ئامادە بون، كە خزمەتی كەركوك بكەن، لیژنەیەك پێكهات و چەند پێوەرێك داندرا

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە میانەی ئەو سیڤییانەی ئامادە بون، كە خزمەتی كەركوك بكەن، لیژنەیەك پێكهات و چەند پێوەرێك داندرا، بۆ ئەو مەبەستەش لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێیان باش بو ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین، وەكو نوێنەرایەتیی لیستی برایەتی بۆ پارێزگاری شارەكە دەستنیشان بكرێت".

مەحمود محەمەد وتیشی، "با هەموان لە خەمی خەڵكی كەركوكدا بین و پێكەوە هەموو ئەو كێشانە لابەرین، ئێمە باوەڕمان بە پێكەوەژیانە و دەست بۆ توركمان و عەرەب و پێكهاتە ئایینییەكانی شارەكە درێژ دەكەین، كەركوك پێویستی بەوەیە ئاسایی بكرێتەوە و رێك بخرێتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین گرفتی كەركوك لە رێگەی دەستورەوە چارە بكرێت، رێگەكانی دیكەمان لاداوە، پێشنیازی لیستی برایەتیش هەر ئەوەیە و ئەو كەموكوڕیانەی هەن چارە بكرێن، ئەویش لەگەڵ هەمو پێكهاتەكان چ لە روی نەتەوەیی، چ ئایینی".
دانانی پارێزگار و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك، پێكەوە دەبێ، هاوكات لیژنەیەكیش دادەنرێ

 

وتەبێژی فەرمیی پارتی ئەوەیشی رونیشیکردەوە، دانانی پارێزگار و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك، پێكەوە دەبێ، هاوكات لیژنەیەكیش دادەنرێ، كە لەگەڵ لایەنەكانی دیكەی شارەكە لەسەر كاندیدی لیستی برایەتی بۆ پۆستی پارێزگار، گفتوگۆ بكەن.

تەیب جەبار، بریکاری پێشوتری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بوە و سەرۆکی پێشوتری کۆمیتەی باڵای یەکێتی ئەندازیاران بوە، هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی لیژنەی باڵای کۆنفرانسی ساڵی 1995ی کۆمەڵەی روناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک بوه‌.

پڕۆفایلی ئه‌ندازیار ته‌یب جه‌بار ئه‌مین

ساڵی 1954 له‌ كه‌ركوك له‌ دایكبوه‌ خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیی و ئاماده‌یی له‌ كه‌ركوك ته‌واوكردوه‌

ساڵی 1976 كۆلێژی ئه‌ندازیاری به‌شی بیناسازی له‌ زانكۆی سلێمانی ته‌واوكردوه‌.

ساڵی 1978 تا 1992 فه‌رمانبه‌ر بوه‌ وه‌ك ئه‌ندازیار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگاوبانی سلێمانی

له‌ 1-8-1992تا 1-8-1997 بریكاری وه‌زاره‌تی ئه‌شغال و نیشته‌جێكردن بوه‌ له‌ كابینه‌ی یه‌كه‌م و دوھه‌می حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان 

كۆتای ساڵی 1997 خۆی خانه‌نشین كردوه‌.

له‌ ساڵی 1998 له‌ كه‌رتی تایبه‌ت كاریكردوه‌ له‌بواری ئه‌ندازیاری

له‌ ساڵی 1970 ده‌ستی به‌ نووسین كردووه‌ 

خاوه‌نی چه‌ندین كتێبی شیعری و كتێبی ره‌خنه‌ییه‌

چه‌ندین نوسین و كتێبی ھه‌یه‌ له‌ بواری ئه‌ندازه‌ی شارو شوێن و ئاوه‌دانی

یه‌كێكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی یه‌كێتیی ئه‌ندازیارانی كوردستان له‌ ساڵی 1992

له‌ ساڵی 1992 تا 2001 جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتیی ئه‌ندازیارانی كوردستان بوه‌

ساڵی 2001 تا 2003 سه‌رۆكی یه‌كێتیی ئه‌ندازیارانی كوردستان بوه‌

ئه‌ندامی یه‌كێتیی نوسه‌رانی كورده‌

ئه‌ندامی یه‌كێتیی نوسه‌رانی عیراقه‌

ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی روناكبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركوكه‌


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP