ئێران رەتیدەکاتەوە
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا: ئێران هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتی بریتانیا دەدات

- 7/11/2019 9:35:00 AM 2822 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بەرپرسێکی باڵا لەوەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکرد لەگەروی هورمز پێنج بەلەمی ئێرانی هەوڵیانداوە دەستبەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری بریتانیدا بگرن، بەڵام پاش ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن کەشتییەکی جەنگی ئەو وڵاتەوە کارەکەیان ئەنجامنەداوە.

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبیە، بەرپرسێکی باڵا لەوەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکرد  دوێنێ چوارشەممە لەگەروی هورمز پێنج بەلەمی ئێرانی هەوڵیانداوە دەستبەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری بریتانیدا بگرن، بەڵام پاش ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن کەشتییەکی جەنگی بریتانییەوە کارەکەیان ئەنجامنەداوە و دورکەوتونەتەوە.

لای خۆشییەوە حکومەتی بریتانیا لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بە سێ بەلەمی هێزەکانی گاردی کۆماری ئیسلامی ئێران داوە کە هەوڵی راگرتنی کەشتییە بازرگانییە نەوتییەکەی ئەو وڵاتەی داوە.
هەڕەشەی روبەروبونەوەی کردارییان لێکراوە ئینجا دەستبەرداری پەلامارەکەیان بون

کەشتییەکەی بریتانیا ناوی (برتش هێریتج)ە و کەشتییەکی بازرگانی نەوتییە، کاری گواستنەوەی نەوت لەکەنداو و گەروی هورمز ئەنجامدەدات، بەگوتەی حکومەتی بریتانیا بەلەمە ئێرانییەکان هەڕەشەی روبەروبونەوەی کردارییان لێکراوە ئینجا دەستبەرداری پەلامارەکەیان بون.

لای خۆشییەوە بەرپرسێکی باڵای هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەلێدوانێکیدا بۆ فارس نیوز رەتیکردەوە هەوڵێکی لەوجۆرەیان دابێت و رایگەیاند، بەلەمە چاودێرییەکانیان لەو ناوچەیە تەنها ئەرکی ئاسایی خۆیان جێبەجێکردوە.
 


نیشانەکردن :

#ئێران_ئەمریكا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP