وەزیری دەرەوەی بریتانیا: ئەو وڵاتانەی کۆتوبەند دەخەنە سەر ئازادی راگەیاندن دەبێت باجەکەی بدەن

- 7/11/2019 8:58:00 AM 1653 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی بریتانیا رایگەیاند، ئەو وڵاتانەی کۆتوبەند دەخەنە سەر ئازادی راگەیاندن دەبێت باجێکی دیپلۆماسی بدەن و هۆشیاریدا لە خراپبونی رەوشی راگەیاندن لە وڵاتی چین و چەند وڵاتێکی دیکە.
ئەگەر هەمومان پێکەوە بجوڵێین دەتوانین تیشک بخەینە سەر پێشێلکارییەکان و ناچارکردنی ئەو کەسانەی کە رۆژنامەنوسان ئازار دەدەن

 

جێرێمی هەینت، وەزیری دەرەوەی بریتانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە لەندەن رایگەیاند، "ئەگەر هەمومان پێکەوە بجوڵێین دەتوانین تیشک بخەینە سەر پێشێلکارییەکان و ناچارکردنی ئەو کەسانەی کە رۆژنامەنوسان ئازار دەدەن یاخود ڕێگەیان لێدەگرن کارەکانیان بکەن باجێکی دیپلۆماسی بدەن".
دەبێت وڵاتان بەرهەڵستی ئەو کارە بکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکاندا بۆ سەر ئازادی ڕاگەیاندن

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت وڵاتان بەرهەڵستی ئەو کارە بکەن لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکاندا بۆ سەر ئازادی ڕاگەیاندن، وەکو کوشتنی رۆژنامەنوسی سعودی جەمال خاشقچی لە ناو کونسوڵخانەی سعودیەدا لە ئیستەنبوڵ".
بریتانیا سپۆنسەریی کۆنگرەی ئازادی راگەیاندنی کرد بە هاریکاری لەگەڵ حکومەتی کەنەدا

 

بریتانیا سپۆنسەریی کۆنگرەی ئازادی راگەیاندنی کرد بە هاریکاری لەگەڵ حکومەتی کەنەدا، شاندی زیاتر لە 100 وڵات بەشداریان لە کۆنگرەکەدا کرد.

ئامانجی کۆنگرەکە بەرگریکردن بو لە ئازادی راگەیاندن و روبەڕوبونەوەی ئەو حکومەتانەی کە کۆتوبەند دەخەنە سەر ئەو ئازادییە، هەروەها هانی ئامادەبوانی کۆنگرەکەی دەدا پەرە بەو پڕۆژانە بدەن، کە پشتیوانی لە ئازادی رۆژنامەگەری و ئاسایشی ڕۆژنامەنوسان دەکەن و روبەڕوی دەستدرێژی دەبنەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP