ئەمڕۆ ئەو گەنجە عێراقیە دادگایی دەكرێت كە لە ئەڵمانیا رای گشتی هەژاند

- 7/10/2019 5:09:00 PM 86895 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بڕیار وایە  ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگاییكردنی ئەو گەنجە عێراقیە بەڕێوەچێت، كە ساڵی رابردو لە ئەڵمانیا دەستدرێژی كردە كچێكی مێرمنداڵ  و دواتر كوشتی.

ئاژانسە هەواڵیەكانی ناوخۆی ئەڵمانیا بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، كۆتا دانیشتنی دادگاییكردنی ئەو گەنجە عێراقیە بەڕێوەدەچێت كە لە 23ی ئایاری ساڵی 2018دا دەستدرێژی سێكسی كردە سەر كچێكی مێرمنداڵ بەناوی سوزانا فیڵدمان، دواتریش ئەو كچەی كوشتوە.

بەپێی زانیاریەكان، پێشبینی ئەوەدەكرێت دادگا بڕیاری زیندانی هەتایی بسەپێنێت بەسەر ئەو گەنجە عێراقیەدا، نوسینگەی داواكاری گشتی شاری فیسبادن كە ئەو روداوەی تێدا رویداوە، داوای لە دادگا كرد بۆ ماوەی 15 ساڵ رێگەنەدات داواكاری بە مەبەستی ئازادكردنی ئەو گەنجە پێشكەشبكرێت.
ئەو تۆمەتبارە تاوانی كوشتنی بە خوێنساردیەوە ئەنجامداوە

سابین كولپ شلۆت، داواكاری گشتی شاری فیسبادن لەوبارەیەوە رایگەیاند "ئەو تۆمەتبارە تاوانی كوشتنی بە خوێنساردیەوە ئەنجامداوە و دواتریش جەستەی كوژراوەكەی لەنزیك ماڵەكەی خۆیانەوە كردوە بەژێر خاكەوە".
دانی ناوە بە تاوانی كوشتنەكەدا

عەلی بەشار، ئەو گەنجە عێراقیە تەمەن 22 ساڵەیە كە تاوانەكەی ئەنجامداوە، بەپێی راگەیاندنكانی ئەڵمانیا ماوەی چوار مانگە دانیشتنی دادگایی بە مەبەستی گوێگرتن لە عەلی بەردەوامە، كە لە دانیشتنەكاندا دانی ناوە بە تاوانی كوشتنەكەدا".

ئاماژە بەوەشكراوە "لەمیانی دانیشتنەكانی دادگادا كە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوامی هەبوە، تاوانبارەكە دو جار داوای لێبوردنی لە دایك و باوكی قوربانیەكە كردوە"، لەكاتێكدا بەپێی زانیاریەكان "ئەو توێژەرە دەرونیەی لەگەل عەلی-دا قسەیكردوە رایگەیاندوە ئەو گەنجە ناتوانێت هەست و سۆزی خۆی بەكاربهێنێت و دەریببڕێت، برواشی وایە كە ژنان بێڕەوشتن و شوێنیان تەنها چێشتخانەیە".

دوابەدوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە، عەلی لەگەل خێزانەكەیدا رایكردوەتەوە بۆ عێراق، بەڵام لە 9ی حوزەیرانی ساڵی 2018دا لە لایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە و لەرێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بی گەڕانەوە بۆ بەغدا دەستگیركراوە.

نیشانەکردن :

#ئه‌ڵمانیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP