هەواڵی ئەمڕۆ

سەرۆک بەرهەم و نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا کۆبونەوە

- 7/7/2019 4:00:00 PM 1131 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق، لەگەڵ نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ سوریا كۆبوەوە و لەمیانی كۆبونەوەكەدا هەردولا باسیان لە هەماهەنگی و هاریكاریەكانی نێوان هرەدو وڵات كرد.

بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، كە وێنەیەكی دەست خەندان كەوتوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی تەمموز-ی 2019 دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە هەریەك لە جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سوریا و ماسیۆ تولەر، و باڵیۆزی ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە عێراق.

لەمیانی كۆبونەوەكەدا، سەرۆک کۆمار جەختی كردوەتەوە لەسەر پێویستی بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانە و ھاریکاری نێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیە باڵاکانی ھەردو وڵات و بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بکات.

ئاماژە بەوەشكراوە، "لە پێناوی چارەسەرکردنی پرسە ھەڵپەسێردراوەکان و کۆتایی ھێنان بە قەیرانەکان، ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی لە نێوان گشت لایەنەکاندا گرنگە، بەجۆرێک کە یارمەتی دەربێت لە چەسپاندنی بنەماکانی ئاشتی لە جیھاندا".

سەرۆک بەرھەم لە هەمانكاتدا تیشکی خستوەتە سەر سیاسەتی ھاوسەنگی عێراق لەگەڵ ھەمواندا، بۆ نزیککردنەوەی دیدو بۆچونەکان لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا، لەپێناو کەمکردنەوەی گرژیی و ئاڵۆزییەکان، 

سەبارەت دۆخی سوریا و نەھێشتنی نەھامەتیەکانی ئەو گەلە و ھاریکاریکردنیان لە پرۆسەی بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا، سەرۆك كۆماری عێراق ئاماژەی بە گرنگی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی گونجاو كردوە، ھاوکات جەختی لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق کردوەتەوە.

لە دیدارەكەشدا جێمس جێفری، ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی لە بەھێزکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق لە گشت بوارەکاندا.

دوپاتیشیكردوەتەوە، "ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریکا دەیەوێت ھاریکاری و ھەماھەنگی ھاوبەش لە بارەی دۆسیە و کێشە ھەنوکەییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھان فراوان بكات".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP