بەهۆی دەستبەرداربون لە پۆستی وەزارەتێک
سەرۆک بەرھەم ساڵح سوپاسی پەروین بابەکر دەکات

- 7/7/2019 10:51:00 AM 38102 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک بەرهەم ساڵح لە کۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا سوپاسی پەروین بابەکری کرد، ئەوەش دوای ئەوە لەکاندیدبونی بۆ پۆستی وەزارەتێکی کابینەی نۆیەم کشایەوە بۆ ئه‌وه‌ی ناكۆكی لە نێوان دو کاندیدی دیکەدا دروست نەبێت.
لە کۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا پەروین بابەکر  بڕیاریداوە لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی وەزارەت بکشێتەوە

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، لە کۆبونەوەی دوێنێدا کە تایبەت بو بە دیاریکردنی کاندیدانی یەکێتی بۆ پۆستە وەزارییەکان پەروین بابەکر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیاریدا لە کێبڕکێی وەرگرتنی پۆستی وەزارەت بکشێتەوە.
بڕیاربو په‌روین بابه‌كر پۆستی وەزارەتێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی لە پشکی یەکێتی پێبدرێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاربو په‌روین بابه‌كر پۆستی وەزارەتێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی لە پشکی یەکێتی پێبدرێت، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی رێواس فایه‌ق کرایە کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانی لای بێگه‌رد تاڵه‌بانی دروستبو، کە کێبڕکێی دەکرد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆیە په‌روین بابه‌كر لە کێبڕکێکە کشایەوە.
پەروین بابەکر نوێنەرایەتی ناوچەی پشدەری دەکرد،  بەڵام  له‌ جێگای خۆی بێگه‌رد تاڵه‌بانی كاندید كرد

 

پەروین بابەکر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نوێنەرایەتی ناوچەی پشدەری دەکرد، بەڵام  له‌ جێگای خۆی بێگه‌رد تاڵه‌بانی كاندید كرد، ئەوەش بۆ ئەوەی ناکۆکی لەسەر پۆستێک دروست نەبێت.

خەندان زانیویەتی، دوا ئەو هەڵوێستەی په‌روین بابه‌كر، د.به‌رهه‌م ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق و جێگری دوەمی سکرتێری گشتی یەکێتی سوپاسی كردوە و دواتریش بێگه‌رد تاڵه‌بانی بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ كاندید کرا. 
پەروین بابەکر پێشوتر وەزیری پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوە

 

پەروین بابەکر، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە و پێشوتر وەزیری پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوە، لە ئێستاشدا سەرۆکی کۆمپانیای وزەیە، سەرەتای ئەمساڵیش خەڵاتی (بصمه‌ قائده‌) له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان پێبەخشرا.

نیشانەکردن :

#یەکێتی #پەروین بابەکر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP