زانیاری نوێ لەبارەی دواین کاتژمێرەکانی دەسەڵاتی عومەر بەشیر ئاشکرادەکرێت

- 7/6/2019 10:59:00 PM 13494 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
بەرپرسی دەزگای هەواڵگری پێشوی سودان کەبەشێک بوە لە کودەتا سەربازییەکەی سودان بۆ دورخستنەوەی عومەر بەشیری سەرۆکی لەسەرکارلابراو زانیاری نوێ لەبارەی دواین کاتژمێرەکانی دەسەڵاتی بەشیر و  چۆنیەتی بێدەنگبونی هاوپەیمانەکانی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ئاشکرادەکات.

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبیە، ئاژانسی رۆیتەرز راپۆرتێکی لەبارەی دواین کاتژمێرەکانی دەسەڵاتی عومەر بەشیری سەرۆکی لەکارلابراوی سودان بڵاوکردۆتەوە و تێیدا هاتوە سەڵاح عەبدوڵا گۆش بەرپرسی دەزگای هەواڵگری سودان شەوی پێش دورخستنەوەی سەرۆک دڵنیایی داوەتە عومەر بەشیر کە رۆژی دواتر تەواوی خۆپیشاندەرانی بەردەم وەزارەتی بەرگری تەفروتونا دەکات.
تەواوی گاردی کۆماری کۆشکەکەی دورخراونەتەوە

بەڵام کاتێک رۆژی 11ی ئەپرلی داهاتو، بەشیر بەخەبەردێت دەبینێت تەواوی گاردی کۆماری کۆشکەکەی دورخراونەتەوە و لەبری ئەوان ئەفسەری سوپا دەروی کۆشکەکەی گرتوە و چاوەڕێن دەستگیری بکەن و رەوانەی زیندانی کۆباری بکەن لە خەرتومی پایتەخت.

لەمبارەیەوە جەلالەدین ئەل شێخ جێگری سەرۆکی هەواڵگری نیشتیمانی و خزمەتگوزاری ئاسایشی رایگەیاندوە، شەوی پێش ئەوەی بەشیر دوربخرێتەوە فەرمانێکی سەرۆکایەتی هەبو بۆ دورخستنەوەی خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی تەواوی هێزەکانی ئاسایش لەو پلانەدا، بەڵام جەلالەدین دەڵێت ئەوان وەک ئەنجومەنی باڵای ئاسایش ئەو پلانەیان رەتکردبوەوە و بڕیاریاندابو چیتر کۆتایی بەخوێنڕشتنی هاوڵاتیان بهێنن و پشتگیری خۆپیشاندان بکەن.
سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سودان پێشتر پەیوەندی بەزیندانە سیاسییەکان و سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە کردبو

بەپێی زانیارییەکان، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سودان پێشتر پەیوەندی بەزیندانە سیاسییەکان و سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە کردبو بۆ وەرگرتنی پشتگیری لەدورخستنەوەی بەشیردا.

لەدۆکیومنتارییەکی ئەلعەرەبیەشدا ئەوە ئاشکراکراوە بەهۆی پشتیوانیکردنی تیرۆر و بونی پەیوەندی لەگەل قەتەر و ئێران هاوکات بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی کە لەناوخۆی سودان ئەنجامیداون، هەریەک لەبەحرەین، سعودیە، میسر و ئیمارات پشتیان لەبەشیر کردوە و ئامۆژکاری دورخستنەوەیان پێشکەش فەرماندە سەربازییەکان کردوە.

نیشانەکردن :

#سودان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP