رۆژئاوای کوردستان کۆنفرانسێک بۆ چارەسەری دەستگیرکراوانی داعش رێکدەخات

- 7/6/2019 5:16:00 PM 1645 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ئیدارەی سەربەخۆی رۆژئاوای کوردستان، بۆ چارەسەری کێشەی دەستگیرکراوانی داعش ، کۆنفرانسێکی سازکردو تێیدا و دەیان پسپۆڕی یاسایی و شیکەرەوەی سیاسی نێودەوڵەتی ئامادەبون.

بەپێی هەواڵێکی ئەلعەرەبیە، ئەمڕۆ شەممە ئیدارەی سەربەخۆی رۆژئاوای کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی هەزاران دەستگیرکراوی داعش کە راپێچی زیندان و کەمپە بچوکەکان کراون، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی سازکردو تێیدا و دەیان پسپۆڕی یاسایی و شیکەرەوەی سیاسی نێودەوڵەتی ئامادەی بون.

بەپێی رێکخەرانی کۆنفرانسەکە، یاساناسانی فەرەنسی و شیکەرەوە ئەمریکییەکان بەشێکبون لەبەشداربوانی ئەو کۆنفرانسە سێ رۆژییەی کە لەشارۆچکەی ئامودا لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچو.

مانگی ئاداری رابردو بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمریکا، کوردەکانی رۆژئاوا توانینان دواین بستەخاکی ئەو ناوچەیە لەدەستی رێکخراوی داعش بسەننەوە و لەپاش کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەش کێشەی زیندانیکراوانی داعش بەگشتی و زیندانیانی بیانی بەتایبەتی سەریهەڵدا.
هەزار دەستگیرکراوی بیانی سەربەداعش لەزیندانەکاندان  و زیاتر لە 13 هەزار لەخێزانەکانیان خراونەتە کەمپەکانەوە

رێکخەرانی کۆنفرانسەکە ئەوەشیان ئاشکراکردوە لە ئێستادا هەزار دەستگیرکراوی بیانی سەربەداعش لەزیندانەکاندان  و زیاتر لە 13 هەزار ژن و مناڵیش لەکەسوکار و خێزانەکانیان خراونەتە کەمپەکانەوە.

لەماوەی رابردودا بەشێک لەزیندانیە ئەوروپییەکانی داعش لەعێراق دادگایی کران و سزای قورسیان بەسەردا سەپێنرا، لەبەرامبەریشدا وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتی فەرەنسا داوای سوککردنی سزاکان یان گێڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی کرد.

رێکخەرانی ئەو کۆنفرانسە ئاماژەشیان بەوەکرد، لەئێستادا کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو زیندانییانە و پێویستە هەنگاوی بەپەلە بنرێت بۆچارەسەرکردنی.

نیشانەکردن :

#داعش

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP