بەپەلە

"بەویستی لایەنەکان" گۆڕانکاری لە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکاندا دەکرێت
حاکم شێخ لەتیف: درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان دژی دیموکراسیەتە

- 7/6/2019 2:41:00 PM 2514 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەمواری یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان کرد و دەیەوێت گۆڕانکاری لە دو ماددەی یاساکەدا بکات، شارەزاییەکی دەستوریش دەڵێت، "درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەلایەن پەرلەمانەوە، یاساییە، بەڵام دژی دیموکراسییە".
لەڕوی یاساییەوە، درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن پەرلەمانەوە، یاساییە، بەڵام دژی دیموکراسییە

 

حاکم شێخ لەتیف، پسپۆڕی یاسایی و دەستوریی بە خەندان-ی راگەیاند، "لەڕوی یاساییەوە، درێژکردنەوەی ماوەی ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەلایەن پەرلەمانەوە، یاساییە، بەڵام دژی دیموکراسییە، چونکە لە هیچ بارودۆخێکدا، درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەت، لە دیموکراسییەتدا جێگەی نابێتەوە، بەڵام بەوپێیەی پەرلەمان خۆی یاسا دەردەکات، دەتوانێت بەهانەیەک بدۆزێتەوە و یاسایەکی پێدەربکات".
لەبەرئەوەی پەرلەمان نوێنەری گەلە، بەڵام ناتوانێت لەجیاتی خەڵک ماوەی دەسەڵاتێک درێژبکاتەوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەبەرئەوەی پەرلەمان نوێنەری گەلە، بەڵام ناتوانێت لەجیاتی خەڵک ماوەی دەسەڵاتێک درێژبکاتەوە، بەڵکو گەل لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، دەتوانێت بڕیارێکی لەوشێوەیە بدات".
پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت گۆڕانکاری لە هەردو بڕگەی 6 و 14ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بکات

 

پەرلەمانی کوردستان دەیەوێت گۆڕانکاری لە هەردو بڕگەی 6 و 14ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بکات، کە تایبەتن بە تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هەڵبژاردنی پارێزگار تەنانەت ئەگەر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاش نەبێت.

هەموارکردنەوە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009ی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەکاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت پارێزگاری ئێستای هەولێر لاببات و کەسێکی دیکە کە لە دەرەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرە بکاتە پارێزگار.
دژی درێژکردنەوەی ماوەی هەمو ویلایەتێکم، چونکە دژی دیموکراسیەتە، پەرلەمان ناتوانێت ئەو کارە بکات

 

حاکم شێخ لەتیف ڕونیدەکاتەوە، "دژی درێژکردنەوەی ماوەی هەمو ویلایەتێکم، چونکە دژی دیموکراسیەتە، پەرلەمان ناتوانێت ئەو کارە بکات، بەڵام لە کوردستان دەکرێت، کارێکی خراپە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەستورمان نیە، لە هەر وڵاتێکیش دەستور نەبێت و دەسەڵات بۆ پەرلەمان دیاری نەکرابو، لە نەبونی دەستوردا، پەرلەمان دەتوانێت یاسا دەربکات، بەڵام هەمو یاسایەک لەگەڵ دیموکراسیەت، هاوتەریب نیە". 
لە سیستمی دیموکراسیەتدا، گەل هەڵبژاردن دەکات، دەنگ بە ویلایەتێک دەدات، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو

 

پسپۆڕەکەی یاسا و دەستور، ئەوەش بە خەندان، دەڵێت "لە سیستمی دیموکراسیەتدا، گەل هەڵبژاردن دەکات، دەنگ بە ویلایەتێک دەدات، بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، بەڵام کە ماوەکەی تەواو بو، پەرلەمان هەرچەندە کە نوێنەری گەلە، ناتوانێت ماوەکەی درێژبکاتەوە، بەڵکو تەنها گەل دەتوانێت، بە هەڵبژاردن ئەو کارە بکات. 

لەبارەی هۆکاری پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەتێک، حاکم لەتیف دەڵێت، "تەنانەت لە دۆخی شەڕیشدا، ڕێگەپێدراو نیە ماوە درێژبکرێتەوە، چونکە گەل بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، کەسێک هەڵدەبژێرێت، هەرکاتێک ماوەکە تەواو بو، ئیتر شەرعیەتی نامێنێت و دژ بە یاسا و دیموکراسیە".

نیشانەکردن :

#پەرلەمانی کوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP