بەبۆنەی تۆمارکردنی شاری بابل لە لیستی شوێنەوارەکانی جیھاندا سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد

- 7/5/2019 9:42:00 PM 2666 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەبۆنەی تۆمارکردنی شاری بابل لە لیستی شوێنەوارەکانی جیھانیدا، سەرۆک کۆماری عێراق لە بروسكەیەكدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق کرد.

رێكخراوی یونسكۆ شاری بابل-ی خستە لیستی شوێنەوارەكانی جیهان

 

دوای ئەوەی رێكخراوی جیهانی یونسكۆ،  بڕیاریدا شاری بابل بخاتە لیستی شوێنەوارەكانی جیهان، ئەمڕۆ هەینی، دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی عێراق كرد.

پێشتر سەرۆك بەرهەم داوای لە یونسكۆ كردوە شوێنەوارەكانی بابل بخاتە لیستی شوێنەوارە مێژوییەكانی جیهان

 

بڕیارەكەی یونسكۆ دوای ئەوەدێت، رێكەوتی 25-2-2019 سەرۆك بەرهەم سەردانی رێكخراوی یونسکۆی کردو داوای له‌ یونسكۆ كرد هه‌وڵ بدات کە شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی شاری بابل له‌ لیستی شوێنه‌وارە مێژووییەکانی جیهاندا تۆماربكرێت.


لای خۆیەوە، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی یونسكۆ جه‌ختی له‌ئاماده‌یی ڕێكخراوه‌كەی‌ كرده‌وه‌ له ‌پشتیوانیكردنی عێراق له‌ بواره‌كانی ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ و گێرانه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌ تاڵانكراوه‌كانی و پاراستنی شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌كانی، ھاوکات خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی به ‌سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح بۆ رێکخراوی یونسکۆ وەک یه‌كه‌م سه‌رۆك کۆماری عێراق‌. 


دەقی بەیاننامەكە:

ئەمڕۆ شاری بابل بە ھەوڵ و کۆششی ڕۆڵەکانی گەلی عێراق و دۆستان و برایان لە لیستی شوێنەواری جیھاندا تۆمارکرا، پاش ئەوەی ئەو پێگەیەی بەھۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشووەوە پێ نەدەدرا، و ئەم شوێنەوار و شارستانیەتییە مەزنەی بابلی پشتگوێ خستبوو و ھاوکات ھەوڵیشی دەدا بۆ  گۆڕینی ڕوخساری  شوێنەوارەکەی.

بەڵام بە ھەوڵی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی گەلی عێراق کە شەو و ڕۆژیان خستبووە سەر یەک تا دووبارە بابل شوێنی مێژووی خۆی بەدەستھێنایەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ھەموو ھەوڵەکانییان خستەگەڕ لەپێناوی خستنەڕووی بەڵگەنامەکان کە گەواھی دەری شوێنەوار و مێژووی شارستانیەتی بابل دەسەلمێنێت. 


ھەمووان بەیەکەوە بە ئینسافەوە لە برایان و دۆستان لە وڵاتانی تایبەتمەند بە شوێنەواری جیھانییەوە پشتیوانیان لەو ھەوڵە نیشتمانییە کرد، کە بەسەرکەوتنێکی نوێ کۆتایی ھات، ئەویش بە تۆمارکردنی بابل لە لیستی شوێنەواری جیھانیدا، پاش دورخستنەوەیەکی بە زۆر.

   
پیرۆزبایی لە ھەموو ڕۆڵەکانی گەلی عێراق دەکەین بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنە نوێیە، ھەر ماوەیەک لە مەو پێشیش ھۆرەکانی عێراق لە لیستی شوێنەواری جیھاندا تۆماکران و ئەمڕۆش بابل دەگاتە ھەمان پێگە و لە داھاتووشدا شوێنەواری دیکەی عێراق دەخرێنە ھەمان لیستەوە بەپشتیوانی خودا، تا عێراق دووبارە پێگەی شایستەی خۆی وەرگرێتەوە. 

د. بەرھەم ساڵح
سەرۆک کۆمار


نیشانەکردن :

#سەرۆککۆمارى عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP