كونسوڵی گشتی و باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتوەكان لەگەل قایمقامی تلكێف كۆبونەوە

- 7/5/2019 9:30:00 PM 2207 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق، لەگەڵ قایمقامی تلكێف كۆبونەوە و پابەندی ویلایەتە یەكگرتوەكانیان لە پشتگیریكردنی ئازادی و پاراستنی مافی پێكهاتەكان دوپاتكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی كونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە هەولێر، ئەمڕۆ هەینی هەریەك لە ستیڤ فەیگن، کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتوەكان لە عێراق و توڵەر، باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتوەكان پێكەوە لەگەڵ قەشە سالار و باسم بەلۆ، قائیمقامی تلکێف كۆبونەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لەمیانی كۆبونەوەكەیاندا سەبارەت بە پشتگیریەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ هاوكاریكردن و بوژاندنەوەی ناوچەی بەتنایە گفتوگۆیانكردوە، كە ئەو ناوچەیە بۆ ماوەی دو ساڵ لە لایەن داعشەوە داگیركرابو".

ئاماژە بەوەشكراوە "لە هەمانكاتدا باس لە چۆنیەتی بەخێرایی گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری و ئاوارەکان بۆ ناوچەکە كراوە و لای خۆیانەوە كۆنسوڵخانە پێی راگەیاندون، كە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە پشتگیریکردنی ئازادی ئاینی و پاراستنی مافی پێکھاتەکان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP