كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەستیپێكرد

- 7/5/2019 5:13:00 PM 8428 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كاتژمێر 5ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەستیپێكرد، خەندان ئامانجی كۆبونەوەكە ئاشكرادەكات

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی نزیك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەست خەندان كەوتوە، كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ تایبەتە بە گفتوگۆكردن لەسەر سێ تەوەر.

تەوەری یەكەمی كۆبونەوەكە، تایبەتە بە پرۆسەی سیاسی عێراق و سیاسەتی داهاتوی یەكێتی لەپێناو چڕكردنەوەی هەوڵەكان تا نوێنەرانی كورد و یەكێتی لە بەغداد بتوانن مافەكانی كورد زیاتر دەستەبەربكەن.

تایبەتە بە پرسی رێكەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و پۆستی پارێزگاری كەركوك و هەنگاوەكانی داهاتوی كورد

 

تەوەری دوەمی كۆبونەوەكە تایبەتە بە پرسی رێكەوتنی یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و پۆستی پارێزگاری كەركوك و هەنگاوەكانی داهاتوی كورد بۆ پشتیگری لە دۆخی كەركوك و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد لە ناوچەدابڕێنراوەكان.

تەوەری سێیەمی كۆبونەوەكە، تایبەت دەبێت بە رێوشوێنەكانی یەكێتی بەمەبەستی دەستنیشانكردنی كاندیدەكانی بۆ پڕكردنەوەی بەركەوتەكانی لە سێ دامەزراوە باڵاكەی هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەو مەبەستەش مەكتەبی سیاسی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا هەوڵدەدات لەسەر چۆنیەتی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكان بگاتە بڕیاری كۆتایی.

 یەكێتی و پارتی رێكەوتون كە رۆژی یەكشەممە، هاوتەریب لەگەڵ پێشكەشكردنی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستە باڵاكانی حكومەتی هەرێم، ناوی پارێزگاری كەركوك كە لەپشكی یەكێتیە بۆ دەزگا راگەیاندنەكان ئاشكرابكرێت

 

هەر بەپێی زانیارییەكانی خەندان، لە كۆبونەوەی دوێنێ كە دور لە چاوی كامێراكان بەڕێوەچو، یەكێتی و پارتی رێكەوتون كە رۆژی یەكشەممە، هاوتەریب لەگەڵ پێشكەشكردنی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستە باڵاكانی حكومەتی هەرێم، ناوی پارێزگاری كەركوك كە لەپشكی یەكێتیە بۆ دەزگا راگەیاندنەكان ئاشكرابكرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP