خەندان ناوی بەربژێرەكانی گۆڕان بۆ وەزارەتەكانی كابینەی نۆیەم ئاشكرادەكات

- 7/5/2019 3:58:00 PM 80548 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە، خەندان لەرێگەی چەند سەرچاوەیەكی باڵای ناو بزوتنەوەكەوە توانیویەتی ناوی كاندیدە بەهێزو بەربژێرەكانی ناو شۆرتلیستەكان دەستەبەربكات.

بەپێی زانیارییەكانی خەندان كە لەچەند سەرچاوەیەكی باڵای ناو بزوتنەوەی گۆڕان بەدەستیهێناوە، لیژنەی هەڵسەنگاندنی سیڤی كاندیدەكان، بۆ هەر وەزارەتێكی بزوتنەوەكە سێ بۆ چوار ناوی وەك شۆرتلیست پێشكەشی جڤاتی نیشتیمانی كردوە.
برزۆ مه‌جید بەهێزترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی  بازرگانى و پیشه‌سازى

 

سەرچاوەكانی خەندان ئاشكرایانكرد كە بۆ وەزارەتی  بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌ریه‌ك له‌ (كەمال موسلیم و چالاكی موهەندیس و داهێن هاشم و برزۆ مه‌جید) پێشكەشی جڤاتی نیشتیمانی كراون و بەهێزترین كاندیدیش بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لەئێستادا برۆز مەجید، پەرلەمانتاری پێشوی گۆڕانە.

بۆ وەزارەتی كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى كوێستان محه‌مه‌د چانسی بەهێزی هەیە

 

هەر بەگوێرەی زانیارییە بەدەسهاتوەكانی خەندان، بۆ وەزارەتی كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ریه‌ك (د.هه‌ژار عوسمان و كوێستان محه‌مه‌د و ئاراس وه‌لى) ماونەتەوە و بەهێزترین كاندیدیش بۆ ئەو پۆستە لە ئێستادا كوێستان محەمەد ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی كوردستانە.

ئاوات شێخ جه‌ناب بەهێزترین كاندیدە بۆ پۆستی وەزیری دارایی

 

خەندان ئەوەشی زانیوە كە بۆ وەزارەتی دارایی هەریەك لە (ئاوات شێخ جه‌ناب و هاوار شێخ ره‌ئوف و شۆڕش حه‌مید) پێشكەشی جڤاتی نیشتیمانی كراون و بەهێزترین كاندیدیش بۆ ئەو پۆستە ئاواتی شێخ جەنابە.

بەهێزترین بەربژێریش كە چانسی وەرگرتنی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەبێت دانا عەبدولكەریمە

 

هەرچی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنە كە ئەویش بەركەوتەی گۆڕانە، هەریەك لە (دانا عه‌بدولكه‌ریم و هیوا قلیاسانى و به‌ختیار رانیه‌یی) وەك دوا كاندید ماونەتەوە و بەهێزترین بەربژێریش كە چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی هەبێت دانا عەبدولكەریمە.

سەرچاوەیەكانی خەندان ئەوەشیان ئاشكراكرد، یەكلابونەوەی ئەو پۆستانە بۆ ئەو كاندیدانە، پەیوەندی بە هەریەك لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا و عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە.

ئەو كەسانە دڵخوازی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفان و لەلایەن عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە پشتگیرییان دەكرێت و پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئۆكەی لەسەر سەرجەم ناوەكان كردوە

 

بەپێی سەرچاوەكان، ئەو كەسانە دڵخوازی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفان و لەلایەن عومەری سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە پشتگیرییان دەكرێت و پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئۆكەی لەسەر سەرجەم ناوەكان كردوە و هێڵی سوری لەسەر هیچ كامیان دانەناوە و تەنها ئەوەندە ماوە سیڤیەكانیان پێشكەشی مەسرور بارزانی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەت بكرێت.

ئەمڕۆش لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بەکۆی دەنگی جڤاتی نیشتیمانی بڕیاردرا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان سەرپشک بێت لە دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ پۆستە وزاری و حکومییەکان.


نیشانەکردن :

#گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP