هونەرمەندێكی كورد لە سوید دەكوژرێت

- 7/5/2019 3:23:00 PM 94447 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هونەرمەندێكی كورد كە لەوڵاتی سوید نیشتەجێبوە و گۆرانی راپی وتوە، شەوی یەكشەممەی رابردو لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لە سوید بە دەمانچە كوژراوە.

بەپێی هەواڵێكی دەزگا راگەیاندنەكانی سوید، ئەو هونەرمەندە شەوی یەكشەممەی رابردو كاتژمێر 10:45 خولەك، ڕۆژ شەماڵ كە هونەرمەندێكی كورد بوە و تەمەنی 23 ساڵ بوە و گۆرانی راپی وتوە لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا بە دەمانچە تەقەی لێكراوە و كوژراوە، لەهەمانكاتدا سەگەكەشی برینداركراوە.

رۆژ شەماڵ، چەندین ساڵە لە وڵاتی سوید نیشتەجێیەو هەر بە زمانی سویدی گۆرانی راپی وتوە و بینەری گۆرانیەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی یوتیوب زیاتر لە یەك ملیۆنی تێپەڕاندوە و لە یەكێك لە ڤیدیۆ كلیپەكانیدا ئاڵای كوردستانی بەكارهێناوە.

لای خۆشیەوە پۆلیسی سوید رایگەیاندوە كە بەتۆمەتی كوشتنی رۆژ شەماڵ، پیاوێكی سویدی تەمەن 25 ساڵیان دەسگیركردوە.

پۆلیسی ئەو وڵاتە راشیگەیاندوە كە كردەوەكە لەلایەن گروپێكی تاوانكاریەوە ئەنجامدراوە كە بەشێوەیەكی رێكخراوەیی كاری تاوانكاری ئەنجامدەدەن، هاوكات ڤیدیۆیەكی شوێنی كوژرانی رۆژ شەماڵ بڵاوكراوەتەوە كە تیایدا بە مۆم نوسراوە رۆژ و چەند كەسێكی ناوچەكە مۆمەكان دادەگیرسێنن وەك هاوخەمییەك بۆ روداوەكە.

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP