سیناریۆكانی 10 رۆژی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرادەكرێت

- 7/4/2019 9:42:00 PM 10327 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
مەم بورهان قانع، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پۆستێكدا، سیناریۆكانی 10 رۆژی داهاتوی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرادەكات و دەڵێت ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن پێش 11ی تەموز، لە لایەن فراكسیۆنە بەشداربوەكانی ناو كابینەكەوە، متمانە بە كابینەی نوێی حكومەت دەدرێت.
بەدیاریكراویی سێشەممەی داهاتو 9ی تەموز متمانە بە كابینەكە دەدرێت

 

مەم بورهان قانع، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان نوسیویەتی،"دەبێت تا رۆژی 11ی ئەم مانگە (واتە پێنجشەممەی داهاتو)، پەرلەمانی كوردستان متمانە بداتە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن پێش ئەو وادەیە، ئەو متمانەیە لە لایەن فراكسیۆنە بەشداربوەكانی ناو كابینەكەوە، بە كابینەی نوێی حكومەت دەدرێت و بەدیاریكراویی سێشەممەی داهاتو 9ی تەموز متمانە بە كابینەكە دەدرێت.

دوای 48 كاتژمێر لەو متمانە بەخشینە و لەكۆتایی هەفتەدا، خوێندنەوەی دوەم بۆ سێ‌ پڕۆژە یاسایە دەكرێت

 

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت،"دوای 48 كاتژمێر لەو متمانە بەخشینە و لەكۆتایی هەفتەدا، خوێندنەوەی دوەم بۆ ئەو سێ‌ پڕۆژە یاسایە دەكرێت (كە رۆژی شەممەی داهاتو خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ دەكرێت) و دانیشتنەكەی رۆژی 11ی مانگ، چەند كاتژمێرێك دەخایەنێت و رەنگە درێژترین دانیشتنی ئەم وەرزەی پەرلەمان بێت". 

لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا مەم بورهان قانع رایگەیاندوە،" رۆژی13ی تەموز، لیژنەی یاسایی پەرلەمان، بە پەلە پروسكێ‌  پێشنیازەكانی پەرلەمانتاران، كە لە دانیشتنەكەی رۆژی 11ی مانگی پەرلەمانی كوردستان دا خستویانەتەڕو و پشتیوانیی سێ‌ پەرلەمانتاری بۆ بەدەستهێنراوە، گەڵاڵەدەكات و رادەستی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكات بۆ ئەوەی لە دانیشتنی دواتردا بخرێنە دەنگدانەوەو راستەوخۆ سەرۆكی پەرلەمان-یش، بانگێشتی پەرلەمانتاران دەكات بۆ ئەوەی رۆژی 15ی مانگ كە دەبێتە دوایین رۆژی وەرزی بەهارەی دانیشتنەكان، پەرلەمان كۆببێتەوە و بەرنامەی كاری دانیشتنەكەیش، دەنگدان دەبێت لەسەر ئەو سێ‌ پڕۆژە یاسایە". 

لەبارەی پرۆژە یاساكانەوە نوسیویەتی،"هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان"، یاسای "تاپۆكردنی زەوییە زیادەرۆییەكان". هەروەها یاسای "مرۆڤسازیی لە هەرێمی كوردستان". سەرەڕای ئەگەری هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان لە فراكسیۆنی "یەكێتی".

لەم خولەدا زۆر یاسای گرنگ هەبون كە دەبو پەرلەمان پەسەندیان بكات، بەڵام هەم ئیرادە نەبو، هەم نییەتی ئەوەیش نەبو  بخرێنە بەرنامەی كار و پەسەندبكرێن

 

مەم بورهان قانع دەڵێت،"بەداخەوە، چەند رۆژێكی دیكە، وەرزی بەهارەی پەرلەمان (بە 15 رۆژە درێژكراوەكەیشەوە) تەواودەبێت و لەم خولەدا زۆر یاسای گرنگ هەبون كە دەبو پەرلەمان پەسەندیان بكات، بەڵام هەم ئیرادە نەبو، هەم نییەتی ئەوەیش نەبو  بخرێنە بەرنامەی كار و پەسەندبكرێن، كە گرنگترینیان گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە، كە پێشتر و لە سەرەتای ئەم وەرزەی پەرلەمانی كوردستان دا، وەك پڕۆژە یاسا، ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان-مان كردبو". 

لە كۆتایی پەیامەكەیدا پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ رایگەیاندوە،"بەدوری دەزانم ئەو دانیشتنە تایبەتە بكرێت، كە ئەمڕۆ  (4/ 7/ 2019)، بە ئیمزای (15) پەرلەمانتار ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان-مان كرد و داوامانكردوە پاڵپشت بە مادەی (66)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دانیشتنێك ئەنجامبدرێت و تایبەت بێت بە گڤتوگۆكردن لەسەر لەشكركێشییەكانی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان".

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP